نەسیر مزراوی یاریزانی ئاستبەرزی مەغریبی مافی خۆیەتی خەون بە بەدەستهێنانی جامی جیهانییەوە ببینێت، بەڵام باسکردنی بۆ میدیا، دوو جار بیرکردنەوەی دەوێت.
مەغریب پێشەنگی گرووپەکەی بوو
مەغریب بە شایستەیی و بە 7 خاڵەوە وەک یەکەمی گروپی F بۆ قۆناغی 16ی مۆندیالی قەتەر سەرکەوت. ئەم هەڵبژاردە ئەفریقییە پێشەنگی گروپی کرواتیا و بەلجیکا و کەنەدای گرت.
دڵخۆشییەکەم وەسف ناکرێت بە سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال
لەبارەی ئەنجامەکانیانەوە، نەسیر مزراوی خۆشحاڵی زۆری خۆی دەربڕیوە و وتویەتی: دڵخۆشییەکەم وەسف ناکرێت بۆ ئەو بردنەوە گرنگە و سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال، بەتایبەت دوای ئەوەی هەڵبژاردەی مەغریب ئاستێکی زۆر نایابی لە هەر سێ یارییەکە بەرانبەر کرواتیای دووەمی مۆندیالی 2018 و بەلجیکا خاوەنی پلەی سێیەمی هەمان پاڵەوانێتی و دووەمی ریزبەندیی جیهان و کەنەداش نوسییەوە و بەوپەڕی شایستەییەوە چوە لوتکەی گروپەکەی.
ئەو ئەستێرە مەغریبییە وتوشیەتی: سەرکەوتنەکەمان بۆ یەکدەستی و یەکگرتویی سەرجەم یاریزانەکان دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو ئاستە پاڵەوانانەیە دەگەڕێتەوە، کە لە هەرسێ یارییەکەدا پێشکەشکرا، نەک تەنها یارییەکەی کەنەدا، بەڵکو بەڵێنەکەی بردەسەر و ئەوەی لەسەر شانی بوو جێبەجێیکرد.
توانیمان ئامانجە گەورەکە بەدەستبهێنین
مزراوی لەلێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا وتویەتی: بەدڵنیایی پێشبینی ئەو ئاست و پێگەیەی ئێستام کردبو، وەک وتم متمانەمان بە خۆمان لەئاستێکی زۆر بەرزدا بو، توانای روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریمان زۆر بەرزە، هەربۆیە توانیمان ئامانجە گەورەکە بەدەستبهێنین، کە سەرکردایەتیکردنی گروپەکەمان بو لەکاتێکدا هەڵبژاردەی زۆر بەهێز و جیهانی تێدا بو وەک هەردوو هەڵبژاردەی بەلجیکا و کرواتیا.
هیچ هەڵبژاردەیەکی لاواز لە پاڵەوانێتییەکەدا نییە
لەبارەی یارییەکەی قۆناغی 16شیان بەرانبەر ئیسپانیا، جەختیکردوەتەوە، کە هیچ تیپێکی لاواز لە پاڵەوانێتییەکەدا نییە، بەڵکو هەموو هەڵبژاردەکان بەهێزن، بەڵام ئەگەر بەشێوازێکی باش یاری بکەن و خۆیان بەسەر رکابەرەکانیاندا زاڵ بکەن، ئەوا بەدڵنیایی سەرکەوتن لە یارییەکاندا بەدەستدەهێنن و لە سەرکەوتن بەردەوام دەبن، وەک ئەوەی لەگەڵ کرواتیا یەکسانبون و لە بەلجیکا و کەنەداشیان بردەوە، کە هەموویان یاریزانی ئاستبەرزیان هەیە و هەڵبژاردەی گەورەن، بۆیە دەتوانن لەسەر هەمان ریتم لە یارییەکانی داهاتوشدا بەردەوام بن.
پشت بە خوا دەتوانین جامی جیهانیی ببەینەوە
لەبارەی ئەگەری توانای مەغریب بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیال؟ لێرەوە پێویستە نەسیر مزراوی دووجار بیربکاتەوە، بەڵام یەک جار بیری کردوەتەوە و وتویەتی: بۆ نا؟ ئێمە پشت بە خوا دەتوانین جامی جیهانیی ببەینەوە، چونکە لە هەڵبژاردەی گەورەمان بردۆتەوە، کەواتە دەتوانین نازناوەکەش ببەینەوە، چونکە ئاست و ئەنجامی قۆناغی گروپەکان، بەتایبەت لە گروپی زەحمەت و بەهێزدا، ئاستی خواست بەرزدەکاتەوە.