زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تاڵیبان دەیەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا هەڵبداتەوە
عەبدولقەهار بەڵخی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەفغانستان رایگەیاند، تاڵیبان دەیەوێت کۆتایی بەسەردەمی شەڕکردن بهێنێت و پەیوەندییەکى نوێی دبلۆماسیی لەگەڵ ئەمریکا دروستبکات.
عەبدولقەهار گوتی، “ئێمە دەمانەوێت دۆسیەى شەڕکردن بە تەواوەتى دابخەین، قۆناغێکى نوێ دەستپێبکەین”.
سەبارەت بەو پێداویستییە سەربازییە بێشومارە ئەمریکییانەى لەژێردەستیاندایە ئەگەر ئەمریکا داواى بکاتەوە و بیکاتە پێشمەرجی قۆناغێکى نوێگوتی، “ئەو بڕیارە لاى حکومەتە و بێگومان داکۆکی لە مانەوەشیان دەکات”.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا بە بەهاى زیاترلە حەوت ملیار و دووسەد ملیۆن چەک و تەقەمەنى بۆ تاڵیبان جێهێشتووە لەکاتى کشاندنەوەى هێزەکانى لە ساڵی 2021 دا، لەنێویاندا فڕۆکە، پێداویستییەکانى بەرگریی ئاسمانى، زرێپۆش و تانک، چاکەتى گوللـەنەبڕ، پێدوایستییەکانى پەیوەندیی سەربازیی و چەندین شتى دیکە.
دۆناڵد ترەمپ لە سەردەمی بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو، کە دەیەوێت ملیۆنان دۆلارى وڵاتەکەى لە ئەفغانستان وەربگرێتەوە، راشیگەیاند ئەگەر ئەو پێداویستییانەیان بدرێتەوە مانگانە هاوکاریی مادییان دەکەن.

سەباح
سودانى دەڵێت دەرگا لە بەردەم کوەیتدا کراوەیە بەشداریی رێگەى گەشەپێدان بکات
محەمەد شیاع سودانى رایگەیاند، دەرگاى رێگەى گەشەپێدان لەبەردەم وڵاتى کوەیتدا کراوەیە ئەگەر بیەوێت پەیوەستبێت پێوەیى و بەشداریی بکات،
بەگوتەی سودانی لەم رێگەیەوە پەیوەندییەکانى نێوان کوەیت و عێراق و وڵاتەکانى دیکەش بەهێزدەبێت، هەربۆیە عێراق هەموو ئامادەییەکى تێدایە بۆ کۆمپانیا کوەیتییەکان و پەرەپێدانى پەیوەندییە جۆراجۆرەکان.
بەگوێرەى بەیاننامەیەکى نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، گوتەکانى لەکاتى پێشوازیکردنى حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی نوێی کوەیتدا بووە لە بەغداد، هیواى خواستووە کە پەیوەندییەکانى نێوان باشتر بکات.
دەستور
عێراق لە یەدەگی زێڕدا هەنگاوێک چووە پێشەوە
ئەنجومەنى جیهانى زێڕ بڵاویکردەوە عێراق لە بوارى یەدەگی زێڕدا هەنگاوێک چووە پێشەوە و لە کۆی سەد وڵاتى جیهان لە ڕیزبەندی 28ـەمیندایە.
بەگوێرەى راپۆرتى ئەنجوومەنەکە عێراق لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیش لە ڕیزبەندى چوارەمدایە و لە دواى سعودییە، لوبنان و جەزائیرەوە دێت، ئەنجوومەنەکە بڵاویکردووەتەوە عێراق 162 پۆینت حەوت تۆن زێری هەیە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا خاوەنى هەشت هەزارو 133 تۆن زێڕە و لە ریزبەندی یەکەمدایە، لە پاش ئەویش ئەڵمانیا دێت کە خاوەنى سێ هەزار و 351 تۆن و پاشان ئیتاڵیا 2 هەزار و 452 تۆن زێڕی هەیە .

عەرەب
ئاوەدانکردنەوەى غەزە ئاسان نییە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری ئاوەدانکردنەوەى غەزەى کردووە، لەنێو پلانەکەیدا چۆڵکردنی لە دانیشتوانەکەى و ناردنیانە بۆ ئوردن و میسرى تێدایە.
ئەم پێشنیارە نیگەرانى زۆرى لێکەوتووەتەوە، چ لە سەر ئاستى وڵاتانى عەرەبی و چ لەسەر ئاستى بەشێک لە وڵاتانى جیهان.
عەرەبستانى سعودییە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل دانبنێت بە حکومەتى فەلەستیندا ئەوان تێچووى ئاوەدانکردنەوەى غەزە لە ئەستۆ دەگرن.
بە گوتەى شارەزایانى بیناسازیی تێچووى خاوێنکردنەوەى ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و بونیاد نانەوەشى زیاتر لە 80 ملیار دۆلاری دەوێت، وەک شارەزایانیش باسیدەکەن ئاوەدانکردنەوەى غەزە هەروا ئاسان نییە و جگەى لە پێداویستیى مادى و هۆکارەکانى بیناسازیی پێویستى بە ئاسایشى زیاتر و نەبوونى جەنگە لە ناوچەکەدا کە هیشتا نازارنرێت ئاگربەستەکەى نێوانیان بەکوێ دەگات، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، گرنگترین هەنگاو لە بونیادنانەوەى غەزەدا ئەوەیە کە کێ غەزە بەڕێوەدەبات و هەر ئەوەش وایکردووە کە تا ئێستا باس لە چۆڵکردن و گواستنەوەى دانیشتوانەکەى بکرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
نەتانیاهۆ دەڵێت سعودیەش جێگای فەڵەستینییەکانی تێدادەبێتەوە
بنیامین نەتانیاهۆ پێشنیازی کرد دەوڵەتێکی نوێ بۆ فەڵەستینییەکان لەناو سعودیەدا دابمەزرێندرێت. ئەم لێدوانە تووڕەبوونی لەناو سەرکردەکانی عەرەبدا دروستکردووە.
دوێنێ نەتانیاهۆ لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵ 14ـی ئیسرائیلیدا گوتی، سعودیە دەتوانێت لە ناو خاکەکەی خۆیدا دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان دابمەزرێنێت، چونکە خاکی زۆریان هەیە. ئەم لێدوانەی بە ماوەیەکی کەم پاش گەڕانەوەکەی لە واشنتن هات، کە لەوێ ترەمپ پێیگوتبوو پێی باشە کەرتی غەزە بکرێت بە کەناراوێکی گەشتیاری.

دەیلی مەیل
ناوی ئەندام پەرلەمانێکی دیکەی پارتی کرێکاران ئاشکرابوو، لەناو گروپێکی نەشیاوی وەتسئەپدا بووە
ناوی ئەندام پەرلەمانێکی گەنجی دیکەی سەر بە پارتی کرێکاران ئاشکراکرا، کە لەناو گروپێکی وەتسئەپدا بەشداربووە، کە چەندان پەیام و نامەیان لەسەر مەسەلەکانی رەگەزپەرستی و جنس و دژەسامیبوون بۆ یەکتری ناردووە. ئەو پۆستە دزێوانەی ئەوان لەو گروپەدا کردوویانە وای لە (ئەندرۆ گوین)ـی وەزیری تەندروستی کرد، لەلای داونینگ ستریت شکاتیان لێبکات.
ئێستا هەواڵی دڵنیا هەیە لەوەی کە ئۆلیڤەر رایان، ئەندام پەرلەمانی تەمەن 29 ساڵی نوێنەری ناوچەی بێرنلی، یەکێک بووە لە ئەدمینە سەرەکییەکانی ئەو گروپە و تەنانەت هەر خۆشی دوو هەزار نامەی ناردووە.
گاردیەن
لە بەریتانیا بەهۆی پیسبوونی هەواوە چەندان کەس تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەبن
رۆژنامەی گاردیەن بۆی دەرکەوتووە، کە ساڵانە نزیکەی 1100 کەس لە بەریتانیادا تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەبن و هۆکاری تووشبونەکەشیان پیسبوونی هەوایە.
هەر ئەم هۆکارە وایکردووە لە ماوەی تەنها ساڵی 2022دا 515 پیاو و 590 ژن گرفتاری ئەو نەخۆشییە ببن. بەڵگەیەکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەیە راستیی ئەم هەواڵە دەسەلمێنێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
ئەمریکا و چین شەڕی گومرگییان دەستپێکردووە، چینیش باجی تۆڵەسەندنەوەی بەسەر ئەمریکادا سەپاند
پێدەچێت چین و ئەمریکا لە ئاستی سەپاندنی باجی گومرگیدا شەڕێکی گشتگیر دەست پێبکەن. چونکە دوێنێ چینیش بایی 14 ملیار دۆلار باجی وەک تۆڵەسەندنەوە سەپاند بەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی ئەمریکادا.
هەفتەی رابوردوو دۆناڵد ترەمپ ئەوەی ئاشکراکرد، بڕی 10٪ـی باجی گومرگیی زیادەی سەپاندووە بەسەر کاڵا چینییەکاندا بۆئەوەی ئەو وڵاتە ناچاربکات کێشەی ئەو مادەی فەنتانیلانە چارەسەربکات، کە لە چینەوە دەچنە ناو خاکی ئەمریکاوە.
گوتیشی، ئەگەر چین وەڵامی نەرێنیی بۆ ئەم هەنگاوە هەبێت، ئەوا باجەکانی سەری زیاتر دەکەن. لە وەڵامدا چین هەنگاوێکی هاوشێوەی ئەوەی ترەمپی ناوە، ئەویش رێژەی 10٪ بۆ 15٪ـی بۆ وزەی نێردەکراو و ئەو ئامێرە کشتوکاڵییانە زیادکردووە، کە لە ئەمریکاوە دەنێردرێن بۆ چین. باجەکانی چین لە کاتژمێر 12 و یەک خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەخرێنە بواری کارپێکردنەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
لە 2024 دا زیاتر لە 700 منداڵ بوونەتە قوبانی
بەهۆی زیادبونی رێژەى هەژاری لەنێو خێزانەکاندا، مناڵان ناچاربوو بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان کار بکەن.
بە گوێرەى راپۆرتێکی رێکخراوەکانی خێزان لە ساڵی 2024 دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 777 مناڵ بونەتە قوربانی. 78 لەو مناڵانە لەکاتی کارکردنیان گیانیان لە دەستداوە، 56 ى دیکەیان بەهۆی لێدان و توندوتیژییەوە گیانیان لەدەستداوە.21 منداڵ بەهۆی چەک و29ی دیکە دیکە بەشێوەیەکی گوماناوی گیاینیانلەدەستداوە.

میللی گەزەتێ
لە تورکیا لە دوو پیاو یەکیان جگەرە دەکێشێت
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی زانکۆ 19ـى مایس لە تورکیا ئاشکرا بووە بەشێوەیەکی گشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە دوو پپاودا یەکیان جگەرە دەکێشێت.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین جگەرەکێشی تیایە.
ئایدنڵک
هودا پار و هەشت ژووری پارێزەران داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن
بەهۆی دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێ لە تورکیا داواکارییەکان بۆ خوێندن بە زمانی کوردی زیاد بووە.
هودا پار لە ئامەد داوای کردووە کە مافی خوێندان بە زمانی کوردیی لە پرۆسەی خوێندندا بۆ کوردەکان دەستەبەر بکرێت، بەدەرلەوەش لە هەشت ژووری پارێزەرانی باکووری کوردستان هەمان داواکارییان هەیە.
لە بەیاننامەیەکی ژووری پارێزەرانی ئامەد، وان، شرنەخ، روها، سێرت، ئاگری، ئێلیهـ و مێردین دا هاتووە لەم قۆناغەی ئێستادا پێویستە بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەری پرسی کورد زمانی کوردی لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندندا دەستەبەر بکرێت.

یەنی بیرلیک
دەم پارتی 15ـى شوباتی بۆ پەیامەکەى ئۆجالان راگەیاند
تولای حاتیمئۆغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەکاریی بۆ پەیامە مێژووییەکەی دەکات لە 15ـى شوباتدا بە رایگشتی دەگەیەنێت.
بەیامەکەى ئۆجالان پەیامێک دەبێت بە رۆحییەتی سەرکەوتنی چەناقالێ کە بە جەژنی سەرکەوتنى تورکیا دەناسرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی راشیگەیاندووە، کورد پێداگرە لە هاتنەئارای ئاشتی و پێویستە لایەنی بەرامبەریش جدیی بێت لە ئاشتەوایی لەگەڵمان تاکوو دەرفەتەکە لەدەستنەدرێت.