زووم..
میدیایەکی کوەیتی: سودانی داوای لە ئێران کردووە کۆتایی بە پشتیوانیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بێنێت
ماڵپەڕی سیاسەی کوەیتی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەمەد جەواد زەریف جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی پڕ ئاستەنگ بووە و رای جیاوازی توندیان هەبووە.
بەرپرسێکی باڵای رەوتی حیکمە بە ماڵپەڕەکەی گوتووە، ناکۆکیی سەرەکیی نێوان بەغداد و تاران لە مامەڵکردنە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەبارەی رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، عێراق هانی لایەنی ئێرانی دەدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و پاشەکشە لە هەندێک داواکاری، بەڵام تاران بەو داواکارییە رازی نییە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، سودانی داوای لە زەریف کردووە، وڵاتەکەی کۆتایی بە پەیوەندیی نێوان گرووپەکانی عێراق و سوپای پاسداران بهێنێت، تاوەکو گرووپەکان ناچار ببن چنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، کە رەنگە بەهۆی ئەو گرووپانەوە عێراق رووبەڕووی سزای ترەمپ ببێتەوە، بەڵام لایەنی ئێرانی رەتیکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سودانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی عێراق لە بەردەم هەڕەشەی جدیی گەورەدایە ئەگەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لەبری رێککەوتن بگەنە بنبەست.