زووم..
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن بەمزووانە پەیامی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجالان بە رایگشتی بگات، نەک تەنها لەسەر تورکیا بەڵکو کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى یەنی یەشام، عومەر ئۆجالان پەڕلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاندووە، ئۆجالان پەیامێکی ڤیدۆیی دەبێت بۆ رەخساندنی ئاشتەوایی و چارەسەریی دیموکراتیی لە رێگەى بەدەستهێنانی مافە رەواکان لە دەستوور، هەروەها کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
عومەر ئۆجالان گوتوویەتی، پەیامەکەى ئۆجالان تەنها بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کاریگەریی دەبێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان بەمزووانە “پەیامێکی مێژوویی” دەبێت لەبارەی “چارەسەرێکی هەمیشەیی” بۆ پرسی کورد لە تورکیا.
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا شاندی دەم پارتی دوو جار سەردانی ئیمراڵیان کردووە و شاندەکە بۆ گەیاندنی پەیامی ئۆجالان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆبوونەتەوە.
پێشتر بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە دەکرد مانگی شوباتی ئەمساڵ “پەکەکە چەک دادەنێت”، بەڵام موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، ئەو دەنگۆیەی رەتکردووە و هەینی رابردوو گوتی، ئەوان تەنها بە مەرجێک چەک دادەنێنن ئەویش ئەوەیە، یان ئۆجالان ئازاد بکرێت، یان بتوانن راستەوخۆ قسە لەگەڵ ئۆجالان بکەن و تەنها ئەو دەتوانێت پێیان بڵێت چەک دابنێن.