رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا هۆکارى نەگەڕانەوەى ئاوارەکان ئاشکرا دەکات
دیڤیدکارین رێکخەرى کاروبارى مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاند، لە دوو مانگی رابوردووەوە تا ئێستا 71 هەزار لە ئاوارەکانى سوریا گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ئەو رێژەیەش لەچاو ئاوارەکاندا زۆرکەمە.
بە گوتەى نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکانە ئەو ئاوارانەى کە ماونەتەوە لەنێو 1500 کەمپی گەورەو بچوکدا دەژین و پێویستیان بە سەرەتایی ترین هاوکاریی رۆژانە هەیە، کارین رایگەیاندووە بەشێکى زۆریان ماڵەکانیان روخاوە، یان ئاوو کارەبان نییە، یاخود هیچ خزمەتگوزارییەک لەناوچەکەیاندا نەماوە.
سەرەڕای بوونى ژمارەیەکى زۆر پاشماوەى جەنگ بەتایبەتى مینى کەسیی کە بەهۆی کێشەکانى رژێمەکەى ئەسەدەوە لەگەڵ لایەنەکان بەجێماون و تا ئێستاش بەتەواوەتى نازانرێت لە چى شوێنێکدا چێنراون.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە، ئاوارەکان بەردەوام سکاڵاى ژیانى خۆیان دەکەن لەنێو چادرگەکاندا بەسەختى باسدەکەن و داوایان ئەوەیە پێداویستییەکانیان بۆ دابینبکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

سەباح
هەواڵی ناراست هەڕەشەیەکی نەبینراوە بۆ سەر ئاسایشى تاک و کۆمەڵ
عەقیل حەیدەر شرۆڤەکاری سیاسی و ئاگادار لە رەوشى میدیا دەڵێت، بڵاوکردنەوەى هەواڵی ناڕاست و دروستکراو و بە لاڕێدابردنى راى گشتى دوو هەڕەشەى جدین لەسەر تاک و کۆمەڵگە، هەواڵ و بابەتى ناڕاست ناوبانگی کەسەکان لەکەداردەکات و ئاسایشى کۆمەڵگەش تێکدەدات.
دەشڵێت چارەسەرى ئەو دۆخە پێویستى بە یاسای توندە تا کۆنترۆڵبکرێت، لە هەمان کاتدا داواى لە میدیاکار و رۆژنامەنووسان کرووە پابەندی ئیتیکى رۆژنامەوانى بن و لەبەر هیچ هۆکارێک هەواڵ و بابەتى ناڕاست بڵاونەکەنەوە و زۆر وردبن لە جیاکردنەوەى راست و ناڕاستى هەواڵەکاندا.
حەیدەر موسەویی شرۆڤەکاری سیاسی جەخت لە هەبوونى یاسادەکاتەوە بۆ رێکخستنى کارى میدیایی لێپێچینەوە لە هەموو ئەو کەس و میدیایانە بکات کە هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراو بڵاودەکەنەوە.
رۆژنامەکە نوسیویەتى ململانێی سیاسی گروپەکانى عێراق و ملشکاندنى یەکتریی هۆکارى سەرەکی بڵاوبوونەوەى هەواڵی ناڕاستە و ئەو پشێوییەى دروستکردووە کە لە سۆشیاڵ میدیادا بەدیدەکرێت.
مەدا
گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا ناکۆکی عەشایەرەکانى باشورى عێراقى زیاترکردووە
پۆلیسى میسان رایگەیاند، لە چەند رۆژى رابوردودا لەسەر کێشەى ئاو لەنێوان دوو بنەماڵەدا کێشە دروستبووە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانى دوو کەس و برینداربوونى چەند کەسێکى دیکە، ماوەیەک پێش ئێستاش لە قەزاى کەحلاى هەمان پارێزگا هەر بەو هۆیەوە پێنج کەسى دیکە کوژران.
رۆژنامەکە نوسیویەتى باشووری عێراق بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و گرتنەوەى ئاوەى روبارەکانەوە لە لایەن تورکیاوە بۆ کەمتر لە نیوە، کێشە عەشایەرییەکان زیادیانکردووە.
زۆرترین زیان بەر پارێزگاکانى بەسرە، زیقار و میسان کەوتووە و ئاستى ئاوى شەتولعەرەب ئەوەندە کەمیکردووە کە بەشێکى زۆر لە خێزانەکان ناچارببن بە کۆچکردن.
عەرەبی جەدید
ئەگەر میسر رازی نەبێت بە پێشوازیکردنی خەڵکی غەزە ئەمریکا هاوکارییەکانى دەبڕێت
سەرچاوەیەکى تایبەت لە حکومەتى میسر بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە، ئیدارەکەى ترەمپ فشارێکى زۆر بەهێزی خستووەتە سەر میسر بۆ ئەوەى پێشوازی لەخەڵکی غەزەبکات و لە ناوچەى سینا جێگەیان بکاتەوە، بەڵام میسر بەئاشکرا رەتیدەکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانە نهێنییەکانیان بەردەوامە.
شرۆڤەکارانیش ئاماژە بەوە دەکەن، پێداگریی میسر لە رەتکردنەوەى ئەو بابەتەدا پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە میسر لە دێرزەمانەوە هاوپەیمانی ئەمریکایە و بە کڕینى چەک و تەقەمەنى لە وڵاتانى دیکە ئەو هاوپەیمانێتییە هەڵناوەشێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤەکارانى سیاسی باس لەوەدەکەن دوور نییە ئەمجارە ترەمپ بیەوێت هاوکارییە سەربازییەکانى میسر ببڕێت ئەگەر رازی نەبێت بەو پێشنیازەى کە خەڵکی غەزە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاى سینا و لەوێ نیشتەجێ بکرێن، ئەوەش سیسی سەرۆکی میسری خستووەتە بەردەم دووڕێیانێکى قورس.
رۆژنامە فارسییەکان

کەیهان
گرێبەستی نوێی هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق واژۆکرا
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران رایگەیاند، کە هەناردەی غاز بۆ عێراق بەردەوامە و گرێبەستێکی درێژخایەن لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئەمریکا بەخشینی عێراقی بۆ هاوردەی وزە لە ئێرانەوە هەڵوەشاندوەتەوە.
سەعید تەوەکولی جەختی لەوە کردەوە کە رێکەوتنی غازی ئێران و عێراق لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە، بەڵام بڕی هەناردەکردن بە گوێرەی بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و هەندێک جار کەمتر دەکرێتەوە.

ئیمروز
دەرمانخانەکان لە لێواری داخراندان
هادی ئەحمەدی ئەندامی کۆمەڵەی دەرمانسازان رایگەیاند، قەرزی رێکخراوەکانی بیمە بە دەرمانخانەکان زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە و دەرمانخانەکان بەهۆی نەدانی داواکارییەکانەوە بایکۆتیان دژی رێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستپێکردووە.
نەدانی ئەم داواکاریانە قەیرانی لە دابینکردنی دەرمان بەدیهێناوە و زۆرێک لە دەرمانخانەکان ناتوانن دەرمان بکڕن، بە شێوەیەک کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی داخستنی دەرمانخانەکان و پەکخستنی سیستەمی تەندروستی.

ئاگاهـ
پێویستە خەڵک لە زستاندا ئاژەڵەکێوییەکان بپارێزن
جەمشید موحەبەتخانی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگە لە ئێران، داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە وەرزی سەرمادا ئاگاداری ئاژەڵەکان بن، چونکە گیانلەبەرە کێوییەکان لە ناوچە شارییەکان نزیک دەبنەوە.
موحەبەتخانی ئاماژەی بەوەدا کە دابەزینی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی سەرچاوە خۆراکییەکان لە سروشتدا هۆکارە بۆ ئەوەی هەندێک لە ئاژەڵەکان لە شار و گوندەکان نزیکتر ببنەوە.
ئەم بارودۆخانە دەتوانێت ناکۆکی لە نێوان مرۆڤ و گیانلەبەرە کێوییەکان دروست بکەن، کە پێویستی بە بەڕێوەبردنی زیرەک هەیە.
هەروەها داوای لە خەڵک کردووە، ئەگەر ئاژەڵە کێوییەکان ببینن ئارام بن و خۆیان لە ئازاردان یان خۆراکدان پێیان بپارێزن.
ئیقتسادی میللی
ئێران لە بواری نەشتەرگەری چاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگە
سپێهر فەیزی، پزیشکی چاو، لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شەهید بەهەشتی، رایگەیاند، پێگەی ئێران لە پزشکیی چاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ هاوتایه.
هەروەها باسی لەو گرفتانە کرد کە بەهۆی تێوەگلانی کەسانی ناشارەزا لە نەشتەرگەری جوانکاریدا دروست دەبن و دەبێتە هۆی تێچووی زۆر و کێشەی تەندروستیی وەک وشکبوونی گلێنە.
دەشڵێت باوترین نەخۆشیەکانی چاو وەک هەڵەی بینین و ئاوی سپی چاو هۆکارەکەی بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپەدە کە چاو تووشی وشکبوون دەکات.
فەیزی جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران پێشەنگە لە بواری چاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخۆش رەوانەی وڵاتانی دیکە ناکات بەڵکو نەخۆش لە وڵاتانی دیکە رادەکێشێت.
رۆژنامە تورکییەکان
میللی گەزەتە
ئەسانیورت قەرەباڵخترین ناوچەی ئیستانبوڵە
لە کۆی 39 ناوچەی ئیستانبوڵ، ناوچەی ئەسانیورت بە گەورەترین ناوچەی شارەکە دەستنیشان کراوە لە رووى زۆری دانیشتوانەوە.
لە 2024 دا ژمارەى دانیشتوانی ناوچەی ئەسانیورت 988 هەزار و 369 کەس بووە و بە قەرەباڵەخترین ناوچەی شارەکە و ناوچەکانی شارەکانی دیکەى ئەو وڵاتە دەستنیشان کراوە.
هاوکات بە گوێرەى داتاکانی سەرژمێری تورکیا، ژمارەى دانیشتوانی ئەسانیورت زیاترە لە ژمارەى دانیشتوانی 57 شاری تورکیا و باکووری کوردستان.
لەپاش ئەویش ناوچەی چەنکایا لە ئەنقەرە و شاهینبەی لە دیلۆک دوو ناوچەی دیکەن لە رووی دانیشتوانەوە بە قەرەباڵخن.
بەگوێرەى ئامارە نافەرمییەکان ناوچەی ئەسانیورت زۆرترین کوردی تیا دەژی بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەى ئیستانبوڵ کە مەزندە کراوە بە 500 هەزار کورد و لە تەواوی 38 پارێزگاکەى دیکەی ئیستانبوڵیش زیاتر لە چوار ملیۆن کورد دەژین.

ئایدنڵک
قەیوم لە ئەنجامی بوونی تیرۆرە
محەمەد ئوچوم گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی دەم پارتی لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕ و تیرۆرە.
گوتیشی، قەیوم بەشێکە لە سیاسەتی رووبەڕووبونەوەى تیرۆر. تاکوو شەڕی پەکەکە بەردەوامی هەبێت قەیومیش بەردەوام دەبێت
دریلیش پۆستەسی
ئەردۆغان: کۆنگرەکان ئێمەى بەهێزتر کرد
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی رایگەیاند، بەستنی هەشتەمین کۆنگرەى ئاسایی لەسەر ئاستی پارێزگاکان پارتەکەمانی بەهێزتر کرد.
گوتیشی، دەتوانم بڵێم کۆنگرەکان بەشێوەیەکی باش و شایستە بەڕێوەچوون و لەنێو پارتەکەماندا رکابەری بۆ پۆست و دەسەڵات و کورسی بونی نییە بەڵکو بۆ خزمتی گەل و تورکیایەکی بەهێز کاردەکەین.
لەماوەى رابردوودا ئاک پارتی لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، هەشتەمین کۆنگرەى ئاسایی پارتەکەى لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەست و وابڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەشتەمین کۆنگرەى ئاسایی خۆی ببەستێت.
یەنی یەشام
پەیامە ڤیدۆییەکەى ئۆجالان کاریگەریی مێژوویی دەبێت
عومەر ئۆجالان پەڕلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی ڤیدۆیی دەبێت بۆ رەخساندنی ئاشتەوایی و چارەسەریی دیموکراتیی لە رێگەى بەدەستهێنانی مافە رەواکان لە دەستوردا و کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداریی.
پەیامەکەى ئۆجالان تەنها بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کاریگەریی خۆی دەبێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ دەڵێت شازادە هاری نانێرمەوە وڵاتەکەی خۆی
دۆناڵد ترەمپ شازادە هاریی شازادەی بەریتانیای بەخشی، لەوەی کە دەبوو بەپێی یاسا بینێرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.
ترەمپ گوتی ئەو شازادەیە کێشە و گرفتی لەگەڵ ژنەکەی خۆیدا هەیە، بۆیە ناچاربووە مادەی هۆشبەر بەکاربهێنێت، لە رەوشێکی ناهەمواردا بووە.
دوای ئەوەی کە دەستەڵاتی ئەمریکای گرتەدەست، دوێنێ ترەمپ بۆ یەکەمجار قسەی لەبارەی کێشەی شازادە هارییەوە کرد و گوتی، حەزی لەوەنییە شازادە تەمەن چل ساڵەکەی بەریتانیا رەوانەی وڵاتی خۆی بکاتەوە، ئەگەرچی کێشەیەکی یاسایی کۆنیشی هەیە، لەسەرئەوەی مادەی هۆشبەری بەکارهێناوە، ترەمپ دەتوانێت لەسەر بوونی ئەم گرفتە ڤیزەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئیندیپێندەنت
نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنە لە بەریتانیا دەگرێت
نێڕدەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی رەوشی ئەشکەنجەدان، لە زیندانەکاندا رەخنە لە حکومەتی بەریتانی دەگرێت و هۆشداریشی پێدەدات، کە بەریتانیا مافی مرۆڤبوونی زیندانییەکانی پێشێلدەکات.
رۆژنامەی ئیندیپێندەنت، لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو، لە هەر دەکەسێکی زیندانیکراو لە بەریتانیادا، شەشیان رێگەیان پێنادرێت بگەن بە ناو زیندانە کراوەکان، بۆیە بارودۆخی بەندکردنیان توندە. دکتۆرە ئەڵیس جیڵ ئەدواردز دەڵێت ئەوکەسانەی لە ناو زیندانەکاندان ئەشکەنجەی دەرووونی دەدرێن، هۆشداریی بە بەریتانیاش داوە، کە بەپێی یاسانێودەوڵەتییەکان ئەوەی روودەدات بریتییە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
دامەزراندن لە کانوونی دووەمدا کەمبووەتەوە
کایەی ئابوریی ئەمریکی لەو مانگەدا 143 هەزار هەلی کاری راگەیاندووە، کە ئامادەبوون بۆئەوەی پڕبکرێنەوە، رێژەی کەسانی دانەمەزراویش دابەزیوە بۆ 4٪.
دەکرێت ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆئەوە ببیندرێت، کە بازاڕی هەلی کار ئارامە، بەڵام هێشتاش گونجاونییە. لە نێوانی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمدا هەلی کاری راگەیەندراو لە ژمارەیە کەمتربوو، کە ئابوریناسەکان پێشبینییان دەکرد. بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی گەشتوون بە دەستی چاودێرانی رۆژنامەی وۆڵ ستریت رەوشی ئەم دوو مانگەی ناویان هات لە مانگەکانی پێش خۆیان باشتر بووە.