(کوردبوون لەنێوان نەریتى سیاسى و ڕۆشنبیرى دا)
وەلید عومەر
کوردبوون، لە نەریتى سیاسى دا شتێکە و لە نەریتى ڕۆشنبیرییشدا شتێکى تر. نەریتى سیاسى، واتە مێژووى سیاسەت لە کۆمەڵگایەکدا بە تیۆر و پراکتیکەوە. نەریتى ڕۆشنبیرییش، هەر پانتایی ڕۆشنبیرییە کاتێک کەڵەکەدەبێت و دواى خۆى پێناسەى جیاجیا بۆ شتەکان جێدەهێڵێت. کوردبوون، لەو پرسە گشتى و بنەڕەتییانەیە کە هەریەکە لەم دوو نەریتە بەپێى خۆى مامەڵەى پێوە دەکات. بەڵام لەناو هەریەکەشیاندا، وێنا و تێڕوانینى جیاجیا بۆ پرسەکە هەن. ڕەنگە کوردبوون بۆ نەریتى سیاسى، پتر وەک نەفرەتێک بناسین، ئەوەى کە ناتوانین لێى هەڵبێین و نابێت لێى هەڵبێین. یان جار هەیە وەک شکۆ و شانازییەک پیشاندەدرێت کە هەر کوردێک دەتوانێت هەڵیبگرێتەوە. یاخۆ هەیە پرسەکە یەکساندەکات بە دەسەڵاتى حیزبى و ئەزموونى حکومڕانیی ناوخۆیی. دەشێت وێناى تریش بۆ کوردبوون هەبێت، بەڵام لەم یاداشتە کورتەدا هەوڵدەدەین سیماى کەمتازۆر ڕۆشنبیریی پرسەکە دیاریبکەین؛ ئەوەى کە مەودایەک لە سیاسەت وەردەگرێت و ڕووبەڕووى ناکۆکى و تەنگژە ناوەکییەکانى خۆى دەبێتەوە.
کوردبوون بۆ ڕۆشنبیر، هیچ شتێکى زۆر زیاتر و کەمترى لە بابەتەکانى تر نیە. ئەویش یەکێکە لەو بابەتانەى کە با بە زاتى خۆى سیاسى بێت، بەڵام لە گۆشەى ناسیاسییشەوە قابیلى هەڵکۆڵینە. کوردبوون، وەک هەر ئۆبێکتێکى تر، ئەویش ئۆبێکتێکە بۆ بیرکردنەوە. بەڵام دەشێت جیاوازییەکى لەگەڵ ئۆبێکتەکانى تردا ئەوە بێت کە ئۆبێکتێکى سارد و بەشەکى و بچووک نیە. لە جێیەکدا وەک جیهانى ڕۆشنبیرى لێ دێت، دونیاکەى داگیردەکات، ناکۆکى و گرژییەکانى ئەو دەبنە ناکۆکى و گرژیی ژیانى ڕۆشنبیر. خاڵێک هەیە پەیوەندیی کوردبوون و ڕۆشنبیر، دەبێتە پەیوەندییەکى دەرگیر و پڕ هەڤدژى. ناکۆکى و قەیرانەکانى کوردبوون، یەکڕاست دەبنە بەشێک لە ژیانى ڕۆشنبیر. بنبەستەکانى ئەو، دەبنە بنبەستى ئەمیش. هەر لێرەدایە یەکێتییەکى پڕ گرژى لەنێوان کوردبوون و ڕۆشنبیردا دێتەئاراوە کە پێ دەخەنە ناو یەکترەوە. کوردبوون لەم حاڵەتەدا، وەک ئۆبێکتێکى دەرەکى نامێنێتەوە مامەڵەیەکى سارد و زانستیی پێوە بکرێت؛ بەڵکو دەبێتە بەشێک لە ویژدان و ئاگایی و دونیاى ڕۆشنبیر. هێڵێک هەیە ڕۆشنبیر لێیەوە چووەتە ناو پرسەکەوە و بێ ویستى خۆى چنگى لە تەڵەزگەیەکى ناڕەحەت گیرکردووە. دیارە تا ئێرە مەبەستمان ئەوە نیە ڕۆشنبیر چەندە کوردبوونى قبووڵە، چۆن لێى دەڕوانێت، کۆتا حوکمەکانى چین؛ بەڵکو باسى ئەو دۆخە دەکەین وا بە ماناى تەواوى وشەکە «تووشى دەبێت بە تووشى کوردبوونەوە.»
کوردبوون بۆ ڕۆشنبیر، هەموو پرسە زەینى و کەلتورى و کۆمەڵایەتى و دواجار سیاسییەکانیش دەگرێتەوە. کۆى ئەو دونیایە دەگرێتەوە کە ئەویش بەشێکە لێى و لە خێر و شەڕیدا هاوبەشە. بەڵام ئەودەم بەتەواوى دەبێتە خودئاگایی بۆى و چەشنى چارەنووسێک لێى دەڕوانێت کە سەرى هەموو شتێک لەوێدا کۆتاییدێت. سەیردەکات دیاردەکات بنجێکیان بە بنجى کوردبوونەوەیە. کوردبوون وەک ئەو جەبرە وایە فشار بۆ هەموو شتێک دێنێت، چارەنووسى شتەکانى پێوە گرێدراوە، چوونەدەرەوە لێى شتێکى خەیاڵییە و پاش ماوەیەک مرۆڤ دەکەوێتەوە ناو چەقەکەى. بەو پێیەى ئاگایی ڕۆشنبیرانە، ئاگاییەکى دەرگیرە و تا بنى دیاردەکات دەڕواتەپێشەوە، بۆیە لە جێیەکیشدا توند بەر کوردبوون دەکەوێت. کوردبوون سنورى ڕەمزیی ئەو شتانە دیاریدەکات وا ڕۆشنبیر خەریکێتى. هەتا گەر کەسێک گەردوونییانە بیر لە شتەکان بکاتەوە، لە جێیەکدا توند لە لۆکاڵێتى و کوردبوون دەئاڵێت و چەشنى برینێکى بونیادى دەمێنێتەوە.
کوردبوون، هەموو دیوە ئەرێنى و نەرێنییەکان دەگرێتەوە. هەموو جوانى و ناشیرینییەکان پێکەوە دەگرێتەوە. هەموو کار و کاردانەوەکان لە یەک کۆدا کۆدەکاتەوە و ناتوانین ئەو بەشانە داببڕین. کوردبوون کۆیەتییەکە لە هەموو ئەو ڕەگەزانە. هەر بەشێکى پۆزەتیڤى ئەم کۆیە، لەسەر حسێبى بەشێکى نێگەتیڤ درووستبووە. هەر جوانییەکى، لەسەر شانى بەشە چەوت و تراوماییەکانى ڕسکاوە. لەم کۆیەدا، کە ڕوون نیە چ جۆرە کۆیەکە، باش و خراپ پێکەوە ماناوەردەگرن. سەدان دیاردەى جیاجیا لەم کۆیەدا هەن کە قابیلى ڤەکۆڵین و ڕەخنەى بونیادیین. ئەم کۆیە، لە نەریتى مردووەکان و زیندووەکان و ئەوانەى داهاتووش پێکهاتووە. زۆر دیاردە هەیە لەسەر شانى دیاردەیەکى تر درووستبووە کە لەسەرەتاوە ناپەیوەست و بێڕەپت دەردەکەون. دیاردە هەیە بەشێکى نوێیە و لەگەڵ دیاردەیەکى کۆندا خۆى متوربەکردووە و سەرەنجامیش خۆى بێگوناهـ پیشاندەدات. لێکهەڵوەشانى ئەم دیاردانە، پێویستى بە ئاگایەکى ڕەخنەگرانە هەیە کە کوردبوونى گۆڕیبێتە سەر ئۆبێکتێکى عەقڵى. یەکگرتنى ڕۆشنبیر لەگەڵ ئۆبێکتەکەیدا، لەگەڵ کوردبووندا، بۆ ئەوە نیە بتوێتەوە و مەوداى خۆى و کورد نەبینێت؛ بەڵکو بۆ ئەوەیە ترپەى ئیشکردنى ئەم کۆیە ببینێت و شۆرتێک بخاتە ئەو شوێنانەوە کە ڕەقهەڵاتوون. گومانێکیش بخاتە ئەو شوێنانەوە کە زۆر دڵنیا و پشتقایم دیارن. پارچەکانى ئەم کۆیە، لەو پەیوەندییانەدا تێدەگەین وا لەڕواڵەتدا بێپەیوەندى دەردەکەون. زۆرجار دیوى ئەرێنی، پەرچەکردارێکى فریودەر و ئایدۆلۆژییە بەڕووى شتانێکى نەرێنى دا کە چەشنى ناوکێکى ڕەق نیشتوون.
کوردبوون، مەتەڵێک نیە هەڵبهێنرێت؛ بەڵکو بابەتێکى بەردەوامیشە بۆ پیاچوونەوە. کوردبوون وەک بوونەوەرێک وایە خۆى گرمۆڵەدەکات و ناکۆکییەکانى ناو خۆى دەشارێتەوە. شوێنەوارى ئەو ناکۆکى (تەناقوز)یانە دەشارێتەوە کە دەبێت ڕۆشنبیر دەست بخاتە سەریان و وەک دەمارێکى هەستیار بیانگرێت. نەخوازەڵا ئەم بوونەوەرە، بوونەوەرێکى پیر و بەبەردبوو بێت و هیچ هەستیارییەکى ئەوتۆى نەمابێت پێشکەشى ڕۆشنبیىرى بکات. هەتا گەر ئەو هەستیارییە لە خۆیشى پیشاننەدات، ماناى ئەوە نیە ناوى لێ نەنرێت و ئەو هۆشیارییە کەڵەکەبووەى چواردەورى نەپشکنرێت. مرۆى سیاسى و حیزبى شتى دەرەکییان لەم بوونەوەرە دەوێت، بەڵام ڕۆشنبیر شتانێکى دەوێت لە هەناوى ئەم بوونەوەرەوە بێتەدەر و خۆیشى زۆر ئاگاى لێ نەبێت. مامەڵەى سیاسى بەم بوونەوەرەوە، مامەڵەیەکى فیزیکى و بینراوە؛ بەڵام مامەڵەى ڕۆشنبیر مامەڵەیەکى میتافیزیکى و نەبینراوە- واتە دەست لە ڕێسا شاراوەکانى وەردەدات و سنورى بوونەوەرەکە بە جیهانەوە دادەڕێژێتەوە. گەر ڕۆشنبیر نەیتوانى ئەوە بکات، لە ئەرکێکى خۆیدا شکستى هێناوە.
کوردبوون کە پتر نەغمەیەکى سیاسیی هەبووە، لەپڕ دەبێتە سەرەتا و کۆتایی ئەو ژینجیهانەى کە ڕۆشنبیرى تیا دەژى. بەپێى نوسخە سیاسییەکە، کوردبوون شتێک بوو لەوێ، شتێک کە هەمیشە کەمێکى ماوە پێى بگەین و تێى بگەین. بەڵام لە نوسخە ڕۆشنبیرییەکەیدا، هەموو جووڵەیەکى وى دەبێتە بەشێک لە میتۆدى بیرکردنەوەى ڕۆشنبیریش هەتا گەربێتو هیچ دەستى لە هیچ میتۆدۆلۆژییەکى ڕوونیش گیرنەبێت. هەتا لەو شوێنانەشدا کە بەر بنبەست و ڕێوێڵکە و بەتاڵى دەکەوێت، ناچارە هەمان ئەنجام بگوازێتەوە ناو نوسین و ئاگایی ڕۆشنبیرانەى خۆى و ویژدانى خۆى ناکۆک و زیندوو ڕابگرێت. هەموو یەکبوونێکى ڕۆشنبیر لەگەڵ ئۆبێکتى بیرکردنەوەیدا بۆ ئەوە نیە یەک قەوارە پێکبهێنێت، بەڵکو جۆرێک دۆنادۆن و نزیکبوونەوەى ئیمانێت (خۆنشین)ـە تاکو میکانیزمەکانى ئیشکردنى ئۆبێکتەکەى بۆ ئاشکراببێت. کوردبوون، ئۆبێکتى سۆز نیە؛ بەڵکو شوێنى نیشتن و گردبوونەوەى زۆر گوتار و کڵێشە و میکانیزمە کە لەنزیکەوە نەبێت خۆیان دەرناخەن.
وێڕاى ئەمانەش، کوردبوون، هەمیشە شتێکى لێ دەمێنێتەوە کە لە پانتایی ڕۆشنبیرى دا هەرسنابێت. تەنانەت بەشێوەیەکى هەڤدژ و ناکۆک، پانتایی ڕۆشنبیرى بۆ ئەوە درووستبووە ئەو بەشە هەرسنەبووە بگۆڕێت بۆ مادەى تر. بەشێک لە زاکیرەى کوردبوون دەکەوێتە پانتایی ڕۆشنبیرییەوە، بەڵام ئەم زاکیرەیە هەموودەم بۆ بیستن و گوێگرتن و گەڕانەوە نیە. بڕێکى زاکیرەکە بۆ چەپاندن و خۆلەبیرکردنە. بەڵام دیسان “ئاگاییەکى ڕەخنەگرانە” هەیە جاروبار بەو زاکیرەیەدا دەچێتەوە و سنورى ئەم بوونەوەرە بە ڕابردووى خۆیەوە دەپشکنێت. گزاکیرەش لە ڕیزێک دال و مانا و یادگارى درووستبووە کە بەپێى کات گۆڕان بەسەر ئەرکەکەیاندا دێت. کوردبوون بۆ پانتایی ڕۆشنبیرى، پرسێکى هەمیشەکراوەی لە سیاسەت گەورەترە.