رۆژنامە تورکییەکان

حورییەت
ئەردۆغان باس لە بنیادنانی تورکیایەکی نوێ دەکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستانبوڵ رایگەیاند لەپاش هەڵبژاردنى ٢٠٢٨، ئیستەنبوڵێکی نوێ و تورکیایەکی نوێ بونیاد دەنێن، بەرەنگاری تەواوی ئەو پێکهاتانە دەبنەوە کە دەبنە هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، کارێک ناکەن ببێتە جێگەى نیگەرانی کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان.
سەباح
ژیانی تەنیایی رووی لە زیادبوونە
بەگوێرەى نوێترین راپۆرتی دەزگای ئاماری تورکیا لە ماوەى 10 ساڵدا ژمارەى ئەو کەسانەى بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژین دوو هێندە زیاد بووە، لە پێنج ماڵدا یەکێکیان تەنها تاکە کەسێکی تیادەژی.
ئەوانەى بە تەنیا دەژین بریتین لەوانەى هاوژینەکەیان کۆچیی دواییکردووە، یاخود لە پاش جیابوونەوە جارێکی دیکە هاوسەرگیریی نەکردووەتەوە، هەروەها ملیۆنێک و 200 هەزار سەرەڕای ئەوەی هاوسەریان هەیە، لە مالێکدا بە تەنیا دەژین.
ئایدنڵک
پەکەکە بە بانگەوازی ئۆجالان چەک دانانێت
کەس چاوەڕێی ئەوە نەکات بە پەیامێکی ڤیدۆیی عەبدوڵا ئۆجالان، پەکەکە چەک دابنێت. پێشتر بانگەوازی جۆراوجۆر بۆ پەکەکە کراوە و بە پاساوی جۆراوجۆر چەک دانانیان رەتکردووەتەوە.
هاوکات لایەنی دەرەکی بە تایبەتی ئێران، ئیسرائیل و تەنانەت ئەمریکاش لەگەڵ چەکدانانی پەکەکە نین، بۆ بەرژەوەندی خۆیان مانەوەى پەکەکە بە گرنگ دەزانن.

ئەڤرەنسەل
هەوڵێک بۆ دانانی قەیوم لەسەر شارەوانی وان هەیە
دادگاییەکی دیکە لەسەر عەبدوڵا زەیدان سەرۆکی گەورەشارەوانی وانی باکووری کوردستان هەیە، وابڕیارە لە ١١ ى شوبات دادگاییەکە بەڕێوەبچێت.
زەیدان راگەیاندووە کردنەوەى دۆسیەى یاسایی، هەوڵێکە بۆ پەکخستنی ئیرادەى گەل، رایگەیاندووە ئەوان تاکۆتایی بەرگری لە مافی دەنگدەر و ئیرادەى گەلی کورد دەکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پارتی کرێکاران گفتوگۆ لەبارەی قەرەبووکردنەوەی بە کۆیلەکراوە دێرینەکان دەکات
پاش ئەوەی داوای 18 تریلیۆن پاوەند قەرەبوو لە بەریتانیا کرا، دەستەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کاریبی داوای کۆبوونەوە دەکات.
نوسینگەی کاروباری دەرەوە بڕیاریداوە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئەو دەستەی کاریبییانەدا بکات، کە داوای قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کاریبی دەکەن، لەسەرئەوەی کراون بە کۆیلە.
زانیاری هەیە، کە نوسینگەی دیڤد لامیی وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی داواکاریکردنی قەرەبووکردنەوەی کەمینەی (کاریکۆم)ـی خەڵکی کاریبیدا، کە داوا دەکەن لەسەرئەوەی لە رابوردوودا کراون بە کۆیلە، ئێستا قەرەبوو بکرێنەوە. بڕیارە ئەو دانیشتنە لە مانگی نیسانی داهاتوودا رووبدات.
ئەم رۆژنامەیە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری کاریبییەوە زانیویەتی، کە شاندێک لە نوێنەرانی سیاسی و دیپلۆماسیی کاریبی ئاماەکارییان کردووە بۆ گفوگۆکردن لەسەر ئەو رەوشە لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیدا دابنیشن.
تایمز
لەبارەی پێویستیی لەپێشچاوگرتنی یەکسانی رەگەزی لە زانکۆکاندا هۆشداری دەدرێت
مەبەست لە یەکسانیی رەگەزی، ئەوەیە هەلی وەک یەک بۆ ئەندامانی هەموو رەگەزە جیاوازەکانی مرۆڤەکان بڕەخسێندرێت. بە زانکۆکان گوتراوە ئەگەر هەلەکانی کارکردن و توێژینەوە بۆ هەمووان وەک یەک نەبێت، ئەگەری ئەوەهەیە بودجەی تەرخانکراو بۆ توێژینەوەکانیان ببڕدرێت. پێیانگوتراوە، کە نابێت ناسنامەی رەگەزیی توێژەرەکان لەپێشی توانا زانستییەکانەوە حسابی بۆ بکرێت. ئەم روانینە بەشێکە لە ئەو پلانەی کە دانراوە بۆئەوەی چاکسازی لە بودجەی توێژینەوەی زانکۆکاندا بکرێت و بزانرێت چۆن هەریەکە لە زانکۆکان دوو ملیار پاوەندە ساڵانەکەی خۆی خەرج دەکات.

گاردیەن
لامی دەڵێت دەشێت بڕینی کۆمەکە داراییەکان لەلایەن ترەمپەوە هەڵەیەکی گەورە بێت
دەشێت ئەو پلانە بەپەلانەی ترەمپ کە دەیەوێت کۆمەکە داراییەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ببڕێت، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەبێت. وابکات چین بچێتە ناوەوە و ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، کە ئەمریکا بەجێیدەهێڵێت و بەمەش کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی زیاتر بکات. لامی هۆشداریی دا بە ئەمریکا و گوتی بەریتانیا ئەزموونی پێشووی هەیە لە تێکەڵکردنی کاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لەگەڵ نوسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا. لە ساڵی 2000ـدا بۆریس جۆنسن کاری لەسەر ئەو مەسەلەیە کردووە. کە ئەو مەسەلەیە راگەیەندرا، ئاژاوەی نایەوە، ئەو ئاژاوەیە کاریگەریی زۆری نەرێنیی بۆ ئەو هێزە نەرمە هەبوو، کە بەریتانیا لەکایەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا هەیەتی.
عەرەب نیوز
فەلەستینییەکان بە ترەمپ دەڵێن ئێمە خۆمان ریڤێرا بۆ خۆمان دروستدەکەین
فەلەستینییەکانی خەڵکی غەزە لە وەڵامی ترەمپدا دەڵێن ئەوان خۆیان لە کەناری دەریاکەدا ئوتێل و رێستورانت و چێشتخانە بۆ خۆیان دروستدەکەن. ئەمە پەیامی رۆژی هەینیی فەلەستینییەکان بوو بۆ ترەمپ، کە گوتبووی خەڵکی غەزە دەگوێزنەوە بۆ میسر و ئوردن. ئەگەر غەزەیان چۆڵکرد، ئەودەمە ئەمریکا ریڤێرایەک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستدەکات.
شەڕی 15 مانگەی سوپای ئیسرائیل کەرتی غەزەی وەک وێرانەیەک بەجێهێشت، شوێنەوارێکی بۆ ئەو هەوارگە گەشتیارییانە نەهێشتەوە، کە لە کەناری ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست بوونیان هەبوو.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سوریا پەیکەرى سوپاى وڵاتەکەى رێکدەخاتەوە
سەرچاوەیەکى نزیک لە سەرۆکی سوریاوە رایگەیاند، ئەحمەد شەرع فەرمانی پێکردوون تا کۆتایی مانگی شوبات سەرجەم یەکە و بەرپرسە سەریبازییەکانى وڵاتەکەى رێکبخرێـتەوە.
دەبێت، بەرپرسانى سەربازیی پێشووش خۆیان رادەستى وەزارەتى ناوخۆ بکەن بە پێچەوانەوە لە تۆمەتبارەوە دەخرێنە لیستى دوژمنان، رۆژنامەکە نوسیویەتى وەزارەتى بەرگریی لە لە “دیمەشق، حەما، حیمص، دەرعا ئیدلب و تەدمور” یەکە سەربازییەکانى رێکخراوەنەتەوە و بەرپرسانى یەکەکانیش دیاریکراون، فەیسەڵ یوسف گوتەبێژى هاوپەیمانى کوردی لە سوریاش رایگەیاندووە دواى 12 ساڵ لە کارکردن لەو هاوپەیمانییەدا بەهۆی گۆڕان لە بارودۆخی سیاسی وڵاتەکەدا کشاونەتەوە.
بەگوێرەى سەرچاوەیەکیش لە هەسەدە ئامادەکاریی تەواویانکردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى نوێی سوریا بەمەبەستى بەدەستهێنانى مافەکانى کورد و یەکخستنەوەى هێزە کوردییەکان.
عەرەبی جەدید
عێراق سەرقاڵی گرێبەستى کڕینى فڕۆکەى جەنگى و سیستمى بەرگرییە
ژمارەیەک پەرلەمانتارى عێراقى بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدیان راگەیاندووە، دواى گۆانکارییەکانى ناوچەکە حکومەتەکەى سودانى سەرەڕای گرنگیدان بە ئاسایشى ناوخۆیی سەرقاڵی کۆمەڵێک گرێبەستن بۆ کڕینى چەکوچۆڵی سەربازیی و لە نێویاندا گرێبەستى کڕینى فرۆکەی جۆری کاراڵە لە فەرەنسا، لەگەڵ کۆریاى باشوریش سەرقاڵی گرێبەستى سیستمى بەرگرییە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەو بڕە پارەیەش کردووە کە لە بودجەى 2025 دا بۆ وەزارەتى بەرگریی دیاریکراوە و رایانگەیاندووە پڕچەککردنى هێزە سەربازییەکانى عێراق کۆمەڵێک لەمپەرى گەورەیان لەبەردەمدایە لەوانەش کێشەى سیاسی و ململانێی هێزەکان، گەندەڵی لە گرێبەستەکان، بەتایبەتى باسیان لەو گرێبەستانە کردووە کە لە ساڵی 2006 و سەردەمی نوری مالیکیدا ئەنجام دراون کە لەگەڵ روسیادا بە بڕی زیاتر لە چوار ملیار و دوو سەدد ملیۆن دۆلار گرێبەستى واژۆکردووە.
عەرەب
ئیلۆن مەسک جارێکى دیکە تیرەکانى ئاڕاستەى ویکیپیدیا دەکاتەوە
هێرشەکانی ئیلۆن مەسک و هاوکارەکانى بۆ سەر پێگەى ئەلیکترۆنی ویکیپیدیا چڕتردەبێتەوە و پێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس بە دەربڕینى جۆراوجۆر هێرشیانکردووتە سەری.
بەتایبەتى لەدواى ئەوەى ئەو پێگەیە شیکاری بۆ سڵاوە هیتلەرییەکەى ماسک کرد لەکاتى دەستبەکاربوونى ترەمپ دا، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەوە چەندەمین جارە کە ماسک هێرش دەکاتە سەرى و دەڵێت، رایگرن و داواى لەو کەسانەش کردووە کە پشتیوانى دارایی پێگەکە دەکەن هاوکارییەکانیان ببڕن.
بەگوێرەى بەدواداچونێکى ویکیمیدیا کە پێگەى ئەلیکترۆنی ویکیپیدیا بەڕێوەدەبات رۆژانە ملیۆنەها کەس سەردانى پێگەکەیان دەکەن و لایەنگریی هیچ کەس و لایەن و بیروبۆچونێکى تایبەت ناکەن، 87%ـى سەردانیکەرانى لە رەگەزی نێرن و زۆرینەیان دانیشتووى ئەوروپان، بەڵام نەیارانى ئەو پێگە ئەلیکترۆنییە پێیان وایە بەڕێوەبەرانی ویکیپیدیا چەپن و لە سەرمایەداریی دەدەن، لایەنگرانیش هێرشەکانى ماسک و هاوڕێکانى بە هێرشى راستڕەوانە ناودەهێنن.

جەریدە
دواى هەوڵەکانى ترەمپ بۆ گواستنەوەى خەڵکی غەزە میسر و ئوردن کەوتنە جووڵە
دواى هەوڵەکان کۆشکی سپی و وەزارەتى دەرەوە بۆ راگواستنى زۆرەملێی خەڵکی غەزە بە پاساوى بونیاد نانەوەى، نیگەرانی زۆرى دروستکردووە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن سوپاى ئوردن و میسر وەک دوو دراوسێى ئیسرائیل کەوتوونەتە جووڵە.
سەرەڕای نیگەرانییەکى زۆر لە سەر ئاستى جیهان بۆ چۆڵکردنى غەزە و دەرکردنى دانیشتوانەکەى بەزۆر، نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، داواکەى ترەمپ لەو بارەیەوە بۆ ئەوان چاوەڕوان نەکراو بووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری بەرگریی وڵاتەکەى ئاگادارکردووتەوە لە دانانى پلانێک بۆ ئەو مەبەستە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردوو گواستنەوەو دەرکردنی دوو ملیۆن دانیشتووى غەزە کارێکى پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە، لە هەمان کاتدا وڵاتانى ئیسپانیا، ئیرلەندا و نەرویج ئامادەیی خۆیان راگەیاندووە بۆ وەرگرتنى هەر هاووڵاتییەکى غەزە.
سەرچاوەیەک لە سوپاى میسر بە رۆژنامەکەى گوتووە، هەفتەیەک دەبێت وڵاتەکەى بەهێواشى ژمارەى سەربازەکانى لە بیابانى سینا زیاددەکات، ئوردنیش سنوورەکانى خۆی لەگەڵ ئیسرائیل توندتر کردووەتەوە و ئامادە نییە هیچ کەسێک وەربگرێت ،
واشنتن داواى لە پادشاى ئوردن عەبدوڵاى دووەم و سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح سیسی کردووە سەردانى وڵاتەکەیان بکەن ولە نزیکەوە لەو پێشنیارە بکۆڵنەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
رۆژانە 140 کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەست دەدەن
بێهزاد وەلیزادە، بەرپرسی مەڵبەندی نیشتمانیی کۆنترۆڵکردنی توتن رایگەیاند، ساڵانە 50 هەزار و 500 کەس لە ئێران بەهۆی بەکارهێنانی تووتنەوە گیانیان لەدەست دەدەن، زیاتر لە ملیارێک دۆلار زیانی دارایی بە ئێران دەگەیەنێت، بەشێک لەو پارەیە دەسوتێت و دەبێتە دووکەڵ و بەشێکی دیکەی دەبێتە خەرجیی نەخۆشخانە و چارەسەری شێرپەنجە.
نزیکەی 14%ـی خەڵکی ئێران جگەرە دەکێشن، لەم دواییانەدا جگەرەکێشان لە نێو ژنان و گەنجان زیاتر بڵاوبووە، بۆیە پێویستە لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە بکرێت.

روزگار
تورکیا بووەتە بەڵا بۆ وڵاتانی دراوسێ
تێنەگەیشتن لە سەرچاوەی خۆڵبارینەکانی ئێران بووەتە هۆی داڕشتنی سیاسەتی هەڵە، لە ساڵانی پێشوودا وا بیردەکرایەوە سەرچاوەی سەرەکیی تۆز و خۆڵ عێراق بێت، بەڵام ئێستا دیمەنی مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە بەشێک لەو تۆزەی لە سوریا و عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە، دەرەنجامی بەنداوەکانی تورکیایە.
پێویست بوو ئەم پرسە گرنگی زۆری پێبدرێت و حکومەت بۆ چارەسەری قەیرانەکە دەستەبەر بکات، بەڵام پشتگوێخستنی رۆڵی تورکیا رێگەی بە ئەنقەرە داوە بەبێ فشاری نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە دروستکردنی بەنداوەکان، ببێتە هۆکاری وشکبوونی عێراق و سوریا، ئەوە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە، تۆزی سیاسەتەکانی تورکیا دەچێتە ناخ و چاوی هاووڵاتیانی سێ وڵاتی دراوسێی.

ئەبرار
پێویستە حکومەت واز لە گەشتە زۆرەملێکانی خوێندکاران بهێنێت
فەرشاد ئیبراهیمپوور جێگری سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و توێژینەوەی پەرلەمان رایگەیاند: پاسێک بە ٤٠ خوێندکاری کچەوە لە شاری کرمان وەرگەڕا، بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کرمان گوتی پاسەکە بە هۆی کەموکوڕیی تەکنیکی تووشی وەرگەڕان بووە.
ئەم رووداوە تیشک دەخاتە سەر پێویستیی پێداچوونەوە بە گەشتە زۆرەملێکانی خوێندکاران، جارێکی دیکە قووڵایی کێشەکانی ژێرخانی ئێران نیشان دەدەن؛ رێگاوبان و ئۆتۆمبێلی ناستاندارد نیشانەی ناکارامەیی و بێباكیی دەسەڵاتدارانە بۆ ژیان و تەندروستیی خوێندکاران.
ئەفکار
زیاتر لە 15 هەزار کەس بە تاوانی بێمەبەست لە زینداندان
ئەسەدوڵڵا جۆلایی، بەرپرسی مەڵبەندی نیشتمانیی دییە لە ئێران راگەیاند، لە ئێستادا 15 هەزار و 653 کەس لە زیندانەکانی ئێراندا بەهۆی تاوانی بێمەبەست سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
لەو ژمارەیە دوو هەزار و 558 کەس قەرزداری مارەیی و نەفەقەن، تاران زۆرترین بەندکراوی هەیە، دوو هەزار و 714 زیندانیی قەرزاری دارایی هەیە.
هەروەها ژمارەی قەرزدارانی بەڵێننامە و بانکی گەیشتووەتە 13 هەزار و 11 کەس، بەشێکی بەرچاو لەو قەرزارانە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
مەڵبەندی دییه بە پشتیوانیی خەڵکی خێرخواز و رێکاری یاسایی، کار بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی پەیوەست بە زیندانیان دەکات.