زووم..
ئێوارەی ئەمڕۆ دڵشاد بابان کە یەکێکە لە مانگرتووەکان دۆخی تەندروستی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانیش دەڵێت، دەبێت پزیشکی پسپۆڕ ببیبینێت.
کەمێک لەمەوبەر دڵشاد بابان بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کرا بەهۆی ئەوەی یەکێکە لەو مانگرتووانەی کە ئەمڕۆ چاودێریی پزیشکیی و چارەسەری لەنێو خێمەکە رەتکردەوە.
لەبارەی دۆخی تەندروستیی دڵشاد بابان، سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی بە زوومی راگەیاند، دەبێت پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت بۆ ئەوەی پشکنینی گشتی بۆ بکرێت و ئەوکات بڕیار دەدات لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە یان بگەڕێنرێتەوە بۆ نێو خێمەکە.
ئەمڕۆ 11 رۆژە مانگرتووان مانیان لە خواردن گرتووە و دەڵێن، بەردەوام دەبن لە مانگرتن هەتاوەکو داواکانیان جێبەجێدەکرێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، هۆشداریدا و گوتی، لە ئەمڕۆوە قۆناغێکی تر لە تەندروستی مانگرتووەکان دەستپێدەکات و ئەندامەکانی جەستەیان روو لە لاوازی دەکەن.