زووم..
مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازى و چین و توێژەکان لەبەردەم خێوەتى مانگران گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد و دەڵێن، بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بێباکن بەرامبەر داواکارییەکانى مانگرتووان.
ماوەى 11 رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى سلێمانى مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، کاتژمێر دووى پێشنیوەڕى ئەمڕۆش مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە شارەکانى هەرێمی کوردستانەوە چوونە بەردەم خێوەتى مانگرتووان بۆ پشتیوانیان.
بەشێک لە مامۆستایانى هەولێریش بەشداریان لە خۆپیشاندانەکە کرد و دەڵێن، پشتگیرى لە داواکارییەکانى مانگرتووان و مامۆستایان دەکەین.
هاوکات، بەشێک لە مامۆستایانى کەرکوکیش بۆ بەشدارىکردن و پشتیوانى مانگرتووان لە سلێمانین و دەڵێن، پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان داواکارییەکانى مامۆستایان جێبەجێ بکات و هاوەشێوەى بەغداد مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن.
مامۆستایانى ناڕاڕى ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان رێچکەیەکی گرتووە، کە لەپێناو شکۆ و بژێوی هەموواندایە، پێویستە هەمووان پشتگیرى لە داواکارییەکانیان بکەن.