زووم..
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ پشتیوانی مانگرەکان خۆپیشاندانى فراوان ئەنجام دەدەن و داواکاریشن مامۆستایانى ئاینى لە وتارەکانیاندا پشتگیرى مانگران بکەن.
ماوەى11 رۆژە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى سلێمانى مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیش راگەیەنراوێکى لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، بڕیاریانداوە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتووەکانیان، رۆژى یەکشەممە بەرەو هەولێر بەڕێبکەون، تاوەکو دەسەڵات لەنزیکەوە دەنگ و ناڕەزایی هاوڕێ مانگرتووەکانیان و چینوتوێژە، ببینێت و ببیستێت.
داواکاریشن لە مامۆستایانى ئاینى ئەمڕۆ، لە وتارەکانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتووان دەرببڕن و لە خەڵک بگەیەنن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەمووانە.
دەشڵێن، ئەمڕۆ کاتژمێر دوو بۆ پشتیوانى لە پارکی مەلیک مەحموودەوە بەرەو خێمەی مانگرتووان دەڕۆن.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناڕەزاییەکانی ئەمجارەی مامۆستایان رێچکەیەکی گرتووە، کە لەپێناو شکۆ و بژێوی هەموواندایە، خوانەخواستە بەبێ دەستکەوت و بەلاوازی کۆتایی پێبێت، هەمووان باجەکەی دەدەن و وەک چەند ساڵی رابردوو شەقام و هەڵوێست دەمرێت و دەسەڵاتیش دەیان هێندەی دیکە، ملهوڕتر ئەبێت.