زووم..
یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ١٢ـی ئیسرائیل، وردەکاری و زانیاریی نوێ لەسەر هێرش بۆ حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنانی بە وردی ئاشکراکرد.
گالانت رایگەیاند، پێش هێرشەکە بڕیاری داوە بڕی تەقەمەنی بەکارهێنراو لە هێرشەکەدا دوو هێندە زیاد بکات، هەروەها داوای کردووە پێش ئەوەی نەسروڵا شوێنەکەى بەجێبهێڵێت، هێرشەکە خێراتر بکرێت.
نەسروڵا لە ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٤ دوای هێرشێکی توندى ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی حزبوڵا لە باشووری بەیروت کوژرا.
گالانت راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجامدراوە، یەکشەممەی پێش هێرشەکە، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندەی هێزی ئاسمانی پلان و ئۆپەراسیۆنی کوشتنى نەسروڵڵایان پێشکەش کردم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرسیارم لێکردن دەربارەی چانسی سەرکەوتنى پلان و هێرشەکە، ئەو وەڵامەی وەرمگرت لەسەدا ٩٠ بوو، پرسیارم لێکردن، کە پلانیان هەیە چەند تەن تەقەمەنی بەکاربهێنن لە هێرشەکە، ئەوان گوتیان ٤٠ تۆن، پێم وتن: ٨٠ تۆن بەکاربهێنن، بڕی تەقەمەنی دوو هێندە زیاد بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێژەی سەرکەوتنی لەسەدا ٩٩”.
گالانت، کە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتیشى “رۆژی چوارشەممە، دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەرکانى سوپا ئەو پلانەی خستەڕوو، کە بۆ کوشتنى نەسروڵا دامانڕشتبوو، گفتوگۆیەک روویدا و روون بووەوە، کە زۆرینەی (5 کەس) لەگەڵ ئەو پلانەدا بوون هێرشەکە بکرێت، لە کاتێکدا دوو کەس دژی بوون.
وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى گوت: سەرۆکوەزیران گفتوگۆکەی راگرت و داوای لە من و سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی دیکە کرد بچینە ژوورێکی ترەوە دواتر سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی گوتی، پێدەچێت نەسروڵا زۆر بە زوویی شوێنى کۆبوونەوەکە جێبهێڵێت، بۆیە دەبێت لە ماوەی چەند سەعاتێکدا، یان لە رۆژێکدا بڕیارێک بدەین.
گالانت لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سەرۆکوەزیران گەڕایەوە ژوورەکە و گوتی ئێمە ئامادە نین بڕیار بدەین، من رۆژی یەکشەممە (دوو رۆژ دواى وادەى هێرشەکە) لە ئەمریکا دەگەڕێمەوە و ئەوکات بڕیار دەدەین.
ئەو روونیکردووەتەوە، دڵنیابوون لەوەى ئەگەر ناتانیاهۆ وڵات بەجێبهێڵێت و گەشت بکات بۆ ئەمریکا، نەسڕوڵا لە ژێرزەمینەوە دێتە دەرەوە بە ئەگەرێکی دیاریکراوەوە، شوێنەکە جێدەهێڵێت، کە ماوەیەکى زۆر بوو چاودێریمان دەکرد.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى گوت: رۆژی دواتر (پێنجشەممە)، میدیای عیبری و جیهانی هەواڵیان بڵاوکردەوە، کە باسى لەوە دەکرد ئیسرائیل و ئەمریکا چوارچێوەیەکیان بۆ ئاگربەست داڕشتووە، گوتیشی: “دوای ماوەیەکی کەم، من و سەرۆکی ئەرکانی ئەرکان پەیوەندییەکمان لە سەرۆکوەزیرانەوە پێگەیشت، کە گوتی: ‘من بیرم لەوە دەکردەوە، کە دوێنێ شەو (چوارشەممە) باسمان کرد و جێبەجێى بکەن.
گالانت ئاشکراشیکرد، “بەیانی هەینی، کاتژمێر ٦ـی ئێوارەم لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپا وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنى هێرشەکە داناوە، بەڵام سەرۆکوەزیران داوای دواخستنی تا کاتژمێر ٦:٣٠ کرد، چونکە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە گوتارێکم لە کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، لەو وادەى دانرا پلانەکە جێبەجێکرا و نەسروڵا لەناوچوو.