زووم..
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەم مانگە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، یەکەم سەردانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدەدات و سەردانی ئیسرائیلیش دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، رۆبیۆ سەرەتا ئامادەی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن دەبێت، پاشان سەردانی ئیسرائیل، ئیمارات، قەتەر و سعودیە دەکات. دەشڵێت، سەدانەکە لەنێوان ١٣ بۆ ١٨ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
سەردانەکەی مارکۆ رۆبیۆ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پێشنیازەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی غەزە و پلانی راگواستنی فەلەستینییەکان بەرەو ناوچەی دیکە، کە لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە رۆبیۆ لەبارەی پلانەکەی ترەمپ گوتی، ئەوە هەنگاوێکی خاکەڕایانەیە، ئامانج لێی ئاوەدانکردنەوەی غەزە و سەرپەرشتیی دووبارە بنیادنانەوەی کەرتەکەیە.