زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان..
فاینەنشیەڵ تایمز: نیسان لە گفتوگۆکاندا پشتی کردە هۆندا
گفتوگۆیەکی هاوبەش لە نێوانی هەردوو کۆمپانیای گەورەی ژاپۆنیی نیسان و هۆندادا هەبوو، بۆئەوەی کارێک بکەن، بە هاوبەشی چوارەم گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل دروست بکەن. بەڵام نیسان وازیهێنا.
ماکۆتۆ ئووچیدا سەرۆکی کۆمپانیای نیسان لە وێنەکەدا دەردەکەوێت پشت دەکاتە تۆشیهیرۆ نیبای سەرۆکی هۆندا. لە کۆبونەوەیەکدا، کە دوێنێ لە نێوانیاندا ئەنجامدراوە نیسان بە سەرۆکی هۆندای گوتووە، کە ئەنجومەنی باڵای نیسان بڕیاریانداوە واز لەو پرۆژەیە بهێننن، کە بڕیاربوو بە بەهای پێنج ملیار دۆلار بە هاوبەشی لەگەڵ هۆندادا دروستی بکەن. هۆندا لەپێش ئەو دیدارەوە گوتبووی نیسان یان دەبێت پرۆژەکە پەسەندبکات، یان راستەوخۆ لێی بچێتە دەرەوە، واتە ئەگەری هیچ گفتوگۆیەکی بۆ نەهێشتبۆوە. پرۆژەکەیان ئەوەبو کۆمپانیایەکی هاوبەسی نوێ گەڵاڵە بکەن، کە ئەگەر سەریگرتبا، دەبوو بە چوارەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل. بەڵام نیسان بڕیاری لە بژاردەی دووەم دا و پاشەکشەی کرد.
گاردیەن: قاهیرە لەبارەی پلانەکەی ترەمپەوە بۆ غەزە هۆشداری دەدات.
دوێنێ وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی بە فەرمانێکی سەربازی داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، کە ئەگەر خەڵکی فەلەستین ویستیان خاکی غەزە بەجێبهێڵن و بەرەو ناو میسر بڕۆن رێگرییان لێنەکرێت. ئەم فەرمانە پاش ئەوەدێت، کە ترەمپ گوتبووی لەمەودوا سوپای ئەمریکا ئیدارەی ئەو ناوچەیە دەگرێت بە دەستەوە و کار لەسەر ئەوەدەکەن، خەڵکەکەی لە دەرەوەی کەرتەکە جێگیربکرێن. حەماس بە فەرمی ئەم پرۆژەیەی رەتکردەوە و گوتی ئەوە راگەیاندنی نیازی داگیرکارییە. نوێنەری قاهیرەش لە ئەمریکا گوتویەتی بە تەواوی رێگری لەو روودانی ئەو پێشنیارە دەکەن.
عەرەب نیوز: سوپای سودان هەوڵدەدات پایتەختی وڵاتەکە بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
سەربازانی ئەو سوپایە ماوەی سێ کیلۆمەتر نزیکبۆتەوە لە کۆشکی کۆماری، کە ماوەیەکە لە دەستی سوپای گروپە چەکدارەکاندایە.
سوپای سودان دوێنێ پێنج شەممە هەندێک پێشڕەویی کردووە بۆئەوەی دەست بەسەر ناوەندی خەرتوومی پایتەختدا بگرێتەوە. ئەم جوڵانە پاش ئەوەدێت، کە چەندان هەفتەیە هیچ پێشهاتێکی نوێ لەو شەڕانەدا روویان نەداوە، کە هەوڵدەدرێت گروپە چەکدارەکان لە پایتەخت دووربخرێنەوە. دوێنێ سوپا ناوەندێکی سەربازیی ستراتیژیی کۆنترۆڵکردووە، ئەو شوێنە رێگایەکە دەکەوێت نێووانی خەرتوومی پایتەخت و پارێزگای ئومدورمانەوە لە کەناری روباری نیلەوە. ماوەی سێ کیلۆمەتر دوورە لە کۆشکی کۆماریی پایتەختەوە، کە بە دەستی میلیشاکانەوەیە.
ئۆرشەلیم پۆست: واچاوەڕواندەکرێت سبەینێ سێ بارمتەی پیاو ئازادبکرێن.
گفتوگۆی دانوستاندنەکان درێژەیان هەیە. بەڵام گوماندەبرێت بڕیارەکەی ترەمپ کێشە بۆ درێژەکێشانی قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان دروستبکات.
بڕیارە رۆژی شەممە سێ بارمتەی پیاو ئازادبکرێن، ئەمانە دەبن بە پێنجەم دەستەی ئازادکراو لەوکاتەوە، کە ئاڵوگۆڕی دیل و زیندانی و بارمتەکان دەستی پێکردووە. لەپاش ئەمانەوە 79 کەسی تری بەبارمتەگیردراو لەلای حەماس دەمێنن. بڕیارە ئەمڕۆ حەماس لیستی ناوی ئەو سێ کەسە بدات بە دەستی شێخ محەمەد ئال سانیی سەرۆکوەزیرانی قەتەرەوە، لە رێگای ئەوانیشەوە لیستەکە بگات بە دەستی دەیڤد بارنێی سەرۆکی مۆساد.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ترەمپ پرۆسەى کۆچپێکردنى غەزەییەکانی بە نەتنیاهۆ سپارد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پرۆسەى چۆڵکردنی کەرتى غەزە و کۆچپێکردنى دانیشتووانى کەرتەکەى بە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل سپارد.
ترەپ گوتى، دوای جەنگ و ئەو کوشتار و خوێنەى لە کەرتەکە روویدا، ئیسرائیل غەزە بە ئەمریکا دەسپێرێت.
هەرچەند لە ماوەکانى رابردوودا وڵاتانى عەرەبی، بەتایبەت میسر و ئوردن بیرۆکەکەی ترەمپیان رەتکردەوە، بەڵام ئەو هەر سوورە لەسەر ئەوەى کەرتە چۆڵبکرێت.
قودسی عەرەبی
سوپای سودان لە ناوەندی خورتوم پێشڕەویى زیاتر دەکات
سوپای سودان لە ناوەندی خورتومى پایتەخت پێشڕەوى زیاتر دەکات و چەندین شوێنى گرنگ و ستراتیژی لە دەست هێزەکانى پشتیوانیی خێرا وەردەگرێتەوە.
سوپا لە خەرتوم و هەردوو ویلایەتی باکوور و باشووری دارفۆر، چەند رۆژێکە لە پێکدادنى سەختدایە.
باکوری دارفور تاکە ویلایەتی ناوچەکەیە لەژێر کۆنترۆڵی سوپادا ماوەتەوە، لە مانگى ئایاری ساڵی رابردووەوە لەلایەن هێزەکانى پشتیوانى خێرا گەمارۆدراوە و ناوبەناو پێکدادانى خوێناوی روودەدات و یەکتری کۆمەڵکوژ دەکەن.
ئەو میلیشیایەی ئێستا بەشێکە لە هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە محەمەد حەمدان دەقلو سەرۆکییەتى و لە 15ی نیسانی 2023وە لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهانی فەرماندەى سوپا، لەسەر دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە جەنگ.
عەرەب
حاڵەتى لەناکاوى سیاسیی رانەگەیەنراو لەنێوان عێراق و ئێران هەیە
ئێران دەیەوێ بە هەناسەکانى عێراق ئابوورییەکەى ببوژێتەوە و عێراقیش داوای لێدەکات لە هەڵوێستەکەى بگات
گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکى سەرۆکایەتى، گەڕانەوەیە بۆ دووبارە فشارە سیاسییەکانی بۆ سەر ئێران، ئەو فشارەش بووەتە مایەى ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هەر دوو لایەنى عێراقی و ئێرانى، چونکە سیاسەتى فشارلێکردنەکەى ترەمپ، یەخەى هەردووکیان دەگرێتەوە.
لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانى نێوان عێراق و ئێران بۆ ناردنی غازی ئێران هەیە بۆ ووزەى کارەبا، جگە لە فرۆشتنى کارەبای ئێران و چەندین ئاڵوگۆڕی پارە و دۆلار، چ بەشێوەی ئاشکرا و چ بەشێوەى نهێنى.
عەرەبی جەدید
قەیرانی دوایین سات لەدایکبوونى حکومەتەکەى لوبنانی لەباربرد
دوای کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی لوبنان بۆ پێکهێنانى حکومەتێکی نوێ، لەنێوان جۆزێف عەون سەرۆکى لوبنان و نەبیهـ بیرری سەرۆکى پەرلەمان و نەواف سەلام سەرۆکى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت، وەزیری پێنجەمى ئەو کابینەیە کە لە تائیفەى شیعەیە، بووە کێشە و ئەمریکا نایەوێت بە هیچ شێوەیەک حکومەتى نوێی لوبنان لەژێر هەژموونى حزبوڵای لوبناندا بێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
دانیشتوانی تورکیا بە خێرایی بەرەو کۆمەڵگەیەکی پیر دەڕۆن
بە گوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا لە ساڵی 2024، سەرژمێریی تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2024 دا بە 85 ملیۆن و 664 هەزار و 944 کەس دەستنیشانکراوە.
بە شێوەیەکی گشتیی تەمەنی مامناوەند بەرەو زۆربوون چووە و سەدا 34 پۆینت چواری کۆمەڵگەی تورکیا پێکدەهێنێت.
دەزگای ئاماری تورکیا راشیگەیاندووە، رێژەى گەنج و تەمەنی بەساڵاچوون بەرەو زۆربوون چووە و لە بەرامبەردا رێژەى مناڵ بەرەو کەمبونەوە چووە.
لە بەشێکی دیکەى راپۆرتەکەدا هاتووە لە 40 پارێزگا ژمارەى منداڵ کەمیکردووە و ژمارەى دانیشتوانی ئیستانبوڵیش لە 2024 دا 45 هەزار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 701 هەزار کەس.
سۆزجو
هەڵبژاردن و پۆستی سەرۆککۆماریی لە رۆژەڤی جەهەپەدا ماوەتەوە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی سۆزجو رایگەیاند، ئەگەر بێت و دۆسیەى یاسایی لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ببێتە هۆی قەدەغەی سیاسەت ئەوا هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆماریی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک ریفڕاندۆمێکی لێدێت.
ئۆزال راشیگەیاند، کردنەوەى دۆسیەى یاسایی لە دژى ئیمامئۆغڵو، بەو هۆکارەیە کاندیدی بەهێز لە بەرامبەر ئەردۆغان نەمێنێت و مەیدانەکە بۆ ئەردۆغان بمێنێتەوە.
هاوکات جەهەپە لە ماوەى 35 رۆژدا بابەتی دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆککۆماریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو یەکلادەکاتەوە. جەهەپە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان سندوقی هەڵبژاردن بۆ ئەندامەکانی دادەنێت و بە پسوڵە و مۆر دەنگدانی تایبەت بۆ دیاریکردنی دوو کاندیدی پارتەکەى بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی دەخاتە بەردەم بژاردەى ئەندامانی پارتەکەیەوە.
یەنی مەساج
کورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا زیاتر بووە
ساڵی پار هەناردەى تورکیا بۆ ئەمریکا بە بەراورد بە ساڵی 2023 سەدا سێ پۆینت نۆ زیاتر بووە و گەیشتە 3 پۆینت دوو تریلیۆن دۆلار. هاوردەش سەدا شەش پۆینت شەش زیاد بوو گەیشتبووە چوار پۆینت یەک تریلیۆن دۆلار.
ساڵی پار کورتهێنانی بازرگانی دەرەکی 918 ملیار دۆلار بووە و گەورەترین کورتهێنانیش لەگەڵ ئەمریکا بە رێژەى چوار ملیار دۆلار بووە.
یەنیچاخ
کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شارەکان زۆر بووە
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا لە 2024دا کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شارەکان بەشێوەیەکی خێرا زۆر بووە.
بە گوێرەى ئامارەکە پێشتر سەدا حەوتی رێژەى دانیشتوانی تورکیا لە گوندەکاندا دەژیان بەڵام ئەم رێژەیە بۆ سەدا شەش پۆینت پێنج کەمیکردووە و سەدا 68ى دانیشتوانی تورکیا لە شارەکاندا دەژین.