زووم..
د. محەمەد تۆفیق عەلاوی, وەزیری پێشووی عێراق
سەبارەت بە پرسى یاسای لێبوردنی گشتی، سێ بابەتى نەگۆڕ هەیە: یەکەمیان بوونی چەندین کەسی بێتاوان، کە بە هۆی زانیاریی نادروستی زانیاریدەرەوە دەستگیرکران، جگە لە زۆرێک لە هەرزەکاران و گەنجانی فریودراو، دووەمیان دەستگیرکردنی زۆر کەس، کە لە دژی هێزە داگیرکەرەکان چالاکییان کردووە و ئەوەش بەرخۆدان و مافێکی ڕەوایە، کە هەموو یاسا و دەستوورە نێودەوڵەتییەکان دانی پێدا دەنێن، بە مەرجێک نەبووبنە هۆی کوشتنی هاووڵاتیانی عێراق و تاوانبار نەبن بە کوشتنی هاووڵاتیانی عێراقی، کە ئەگەر ئازاد بکرێن، دەگەڕێنەوە سەر کارى پێشوویان، گرووپى سێیەمیش، ئەوانەن پەیوەندییان بە رێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە هەیە و ئەگەر ئازاد بکرێن، پەیوەندى دەکەنەوە بە رێکخراو و گرووپە تیرۆرسییەکانەوە و دەستکردنەوە بە کوشتنى هاووڵاتیانى عێراقى، کە ئازادکردنیان زۆر مەترسیدارە.
بە بۆچوونی ئێمە دروست نییە یاسایەک بۆ لێبوردنى گشتى دەربکرێت، کە ئەگەری لێخۆشبوون لە تاوانباران و بکوژەکان، بە تایبەتی تیرۆریستانی قاعیدە و داعش لەخۆبگرێت، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری لاوازی، یان پشتگوێخستنی دەوڵەت هەندێک ناوچە کۆنترۆڵ بکەن، وەک ئەوەی لە رابردوودا روویدا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
کەواتە چی پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم واقیعە؟
بابەتەکە لە دەستی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نییە، نوێنەرانیش مافی ئەوەیان نییە یاسایەکی لەو شێوەیە بۆ لێخۆشبوون دەربکەن، رەنگە، تاوانباران کە دەستیان بە خوێنی گەلی عێراق سووربووە ئازاد بکرێن، بۆیە ئەوە بەرپرسیاریی دەسەڵاتی دادوەرییە، کە دەبێت دەسەڵاتەکانی خۆی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت بەکاربهێنێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە سەرتاسەری وڵاتدا.
سەبارەت بە پۆلی یەکەم، بەتایبەتی هەرزەکاران و گەنجانی فریودراو، دەسەڵاتی دادوەری بە هاوکاری حکومەت خولیان بۆ بکرێتەوە، ئەم خولانە لەلایەن پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی مێژوو و ئایین و تەکفیریەوە بەڕێوەبرێن، هەروەها پزیشکانی دەروونناس و کۆمەڵناس و پزیشکانی دەروونیش گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت لادان بگۆڕدرێت.
سەبارەت بەوانەشى، کە دەمێننەوە بۆ پابەندبوون بە بیرۆکە تەکفیرییەکان و لادانەکانیان، ئەوان دەستبەسەر دەکرێن و لە زیندان دەمێننەوە.
لەبارەى پۆلی دووەم، جگە لە قاعیدە و داعش، دیالۆگ لەگەڵیان دەکرێت، ئەوانەی لەنێویاندا جگە لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان لە بەرامبەر داگیرکەردا بەدوای هیچدا ناگەڕێن و دەستیان بە خوێنی گەلی عێراق سوور نەبووە، ئازاد دەکرێن و گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی وردە وردە ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە پۆلی سێیەمیش ئەمانە ناتوانن ئازاد بکرێن، چونکە تیرۆر و ترس بڵاودەکەنەوە و جارێکی دیکە تیرۆریستان لە زۆر بواردا فراوانتر دەبنەوە.
بە داخەوە، هەندێک کەسایەتی سیاسی، کە بە دزینی پارەی خەڵک لە رێگەی گرێبەستی گەندەڵ و شێوازی ساختەکارییەوە زۆر دەوڵەمەند بوون لەم دواییانەدا تێبینی کراوە، کە ئەم گەندەڵکارانەی چینی سیاسی بە شێوەیەکی نائومێدکەرانە بەرگریان لەم یاسایە کردووە، بە تایبەتی ئەم گروپە سیاسییە بە ئاسانی دەتوانێت ملیۆنان دۆلار بدات بۆ گۆڕینی دانپێدانان و شایەتحاڵی و گۆڕینی تاوانباران بۆ بێتاوان.
ئەگەر ئەم تاوانبارانە ئازاد بکرێن، ئەوا دەبنە ئامرازێکی گوێڕایەڵ لە دەستی ئەم گەندەڵکارانەدا و باندی تیرۆریستی پێکدەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە خراپەکارەکانیان، کە بریتین لە لەتکردنى یەکێتی نەتەوەیی.