زووم..
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەشێکی زۆری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەرکراون و بەردەوام دەبن لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.
محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقی سعودی راشیگەیاند، بەشێکی زۆری کێشەکان کە گرفتیان لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستکردبوو، چارەسەرکراون.
سودانی گوتووشیەتی، هۆکاری دواکەوتنی مووچە، کێشەی هونەری و پەیوەست بوون بە بودجەی گشتی عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بوو، کە داوای داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و تەوتینکردنی مووچەی کردووە، لەبەرامبەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، لە ئێستادا بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون و مووچەی مانگی یەکیان ناردووە و بەردەوام دەبن لە خەرجکردنی تەواوی مووچەی ساڵی 2025. داواش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبەرچاو بگرن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.