زووم…
وەک وەڵامێک بۆ هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر رۆژاڤا، شەڕڤانانی هەسەدە لە دوێنێوە چەندین هێرشیان بۆ سەر بنکە و پێگەکانی تورکیا و گرووپەکان ئەنجامداوە.
هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوێنێ پێگەیەکی گرووپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیایان لە باکووری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج، چەندین چەکدار کوژراون و برینداربوون.
هەروەها شەڕڤانان دوو چەکداری گرووپەکانی سەر بە تورکیایان کردووەتە ئامانج کە بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە بە ناوچەکەدا تێپەڕیون.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی هەسەدە، شەڕڤانان لە نزیک پردی قەرەقۆزاقیش دوو هێرشیان دژ بە گرووپە چەکدارەکان ئەنجامداوە.
هەسەدە دەڵێت، بۆردومانەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین بەردەوامە و دوێنێ بنکەیەکی شەڕڤانان لە نزیک گوندی خەربە توینی کراوەتە ئامانج، بەهۆیەوە شەڕڤانێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.