زووم..
فەرهاد شامی گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە نۆرس پرێسی گوتووە، تورکیا دەیەوێت گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆی رۆژاڤا و دیمەشق دروستبکات.
فەرهاد شامی دەڵێت، تورکیا نایەوێت گفتوگۆکان سەرکەوتووبن، هەموو هەوڵێک دەدات شکستی پێبهێنێت.
لەکاتێکدا لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب، دەسەڵاتی دیمەشق بەو رازی بووە، خاڵەکانی رێککەوتنی نێوانیان بەهێز بوون، بەڵام پێیان راگەیەندرا تورکیا دەستوەردانی کردووە.
بەگوتەی فەرهاد شامی، دەیانەوێت یارمەتیدەربن بۆ گەیشتن بەبڕیارێکی سەربەخۆی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە هەموو دەنگە نیشتمانییەکانە کە هەژموونی تورکیا رەتدەکەنەوە.
هەروەها گوتەبێژی هەسەدە دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا بەهەواڵی ناڕاست لەقەمەڵەمدەدات، دەڵێت، هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، بەردەوامن لەکارەکانیان و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ هەسەدە هەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش و تا ئێستا بۆ کشانەوەیان هیچ راپۆرتێکیان لەوانەوە پێنەگەیشتووە، چاوەڕوانن لەداهاتوودا پلانی نوێی ئەمریکایان بەرامبەر رۆژاڤا پێبگات.