زووم..
زووم لە بەدواداچوونێکدا گەندەڵییەکی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئاشکراکرد کە زیاتر لە 100 ناو بە نایاسایی وەک گرێبەست لە وەزارەتەکەدا دامەزراون
زووم زانیویەتی لە کۆلێجی تەکنیکی شەقڵاوە لەساڵی 2015ـەوە تا ئێستا بە نایاسایی 136 کەس وەک وانەبێژ دامەزراون و لە ئێستادا کراون بە گرێبەست، و ئەوانەی وەک وانەبێژ دامەزراون ساڵی 2018 وانەبێژ بوون بە گوێرەی لیستی ناوەکانیان لەدایکبووی ساڵی 2003ـی تێدایە کە لە 2018 تەمەنیان تەنها 15 ساڵ بووە.
شەوی رابردوو لە کۆلێجی تەکنیکیی شەقڵاوە هەوڵدراوە چارەسەر بۆ ئەم ناوانە بدۆزرێتەوە و نەچنە بەردەست لیژنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بووە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە زوومی گوت، جگە لەو 136 ناوەی کۆلێجی تەکنیکی شەقڵاوە، 400 ناوی دیکە بە نایاسایی لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا گرێبەستی وانەبێژییان بۆکراوە و سەرجەمیان لابراون و کاری لیژنەکەیان لە تەواوبووندایە و لە رۆژانی داهاتوودا کارەکانیان رادەگەیەنن.
زیاتر لە سێ مانگ پێش ئێستا دامەزراندنی چەند کەسێک بە نایاسایی لە زانکۆی راپەڕین ئاشکرا بوو و دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە لیژنەیەکی پێکهێنا و ئاشکرای کرد ناوە ناشایستەکان دەردەهێندرێن.