زووم..
یزرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە پلانێک ئامادە بکەن بۆ راگواستنی خەڵکی غەزە و باس چەند وڵاتێکیشی کرد کە فەڵەستینییەکان لەخۆبگرن.
یزرائیل کاتز دەڵێت، پلانی راگواستن و “دەستبەسەرداگرتنی” غەزە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، راگەیاندرا پلانێکی “بوێرانەیە” و “من پێشوازی لێدەکەم، دانیشتووانی غەزە پێویستە رێیان پێبدرێت بەئازادیی ناوچەکەیان جێبهێڵن و کۆچ بکەن وەک خەڵکی ئاسایی دیکەی جیهان.”
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی ئەو پلانەی بە سوپای وڵاتەکەی داوە گوتی، پلانەکە بۆ ئەوەیە خەڵكی غەزە “بە رەزامەندی” خۆیان ناوچەکەیان بەجیبهێڵن.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ چ وڵاتێک فەڵەستینییەکان لە خۆدەگرێت، یزرائیل کاتز ناوی چەند وڵاتێکی برد کە دژی هێرش و ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بوون بۆ سەر غەزە، ئەوانیش ئێرلەندا، نەرویچ، هەروەها ئیسپانیان و گوتی: ئەم وڵاتانە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوایان دژی جەنگی ئیسرائیل بەخشیوەتەوە و لەڕووی یاساییەوە ناچارن دانیشتووانی غەزە وەربگرن ئەگەرنا دووڕووییان دەسەلمێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ناوی کەنەداشی هێنا و گوتی، کەنەدا “پڕۆگرامێکی رێکخراوی تایبەت بە کۆچبەران هەیە” و پێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی دانیشتووانی غەزە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل رایگەیاندووە، پلانەکەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بریتییە لە راگواستنی غەزەییەکان لەرێگەی وشکانی و هەروەها رێکخستنی گەشت بۆیان لەڕێگەی ئاویی و ئاسمانییەوە.
پلانەکەی ترەمپ بۆ راگواستنی خەڵکی غەزە و گۆڕینی کەرتەکە بەناوچەیەکی بازرگانی هەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و وڵاتە زلهێزەکان دژی وەستاونەتەوە.
هەریەکە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا، چین و ئێران و چەند وڵاتی دیکە دژی پلانەکەی ترەمپن. تەنانەت وڵاتە عەرەبییەکانیش بەتووندی دژی پلانەکە وەستاونەتەوە و بزوتنەوەی حەماسیش دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، پلانەکەی ترەمپ رووناکی نابینێت.