زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بەشداریکردنی ژنان و کچانی رەگەزگۆڕاوی لە وەرزشی ژناندا قەدەغەکرد و دەڵێت، لەمەودوا وەرزشی ژنان تەنها بۆ ژنانە.
لە بۆنەیەکدا کە هاوتا بوو لەگەڵ رۆژی کچان و ژنانی وەرزشکار لە ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ چەندین وەرزشکاری کچ و ژندا فەرمانەکەی واژۆکرد و گوتی، “پێشتر ئەو کارە شێتانەیەمان لەنێو سوپادا کۆتایی پێهێنا و ئێستاش لە وەرزشی ژناندا دەریدەکەین، لە ئێستاوە جەنگی سەر وەرزشی ژنان کۆتایی پێدێت.”
ئامانج لە فەرمانەکەی ترەمپ ئەوەیە هەموو ئەو ژنە رەگەزگۆراوانە لە وەرزشی ژنان دووربخرێنەوە کە لە کاتی لەدایکبووندا بە رەگەزی نێر تۆمارکراون، بەڵام لە گەورەیدا نەشتەرگەرییان کردووە و رەگەزی خۆیان گۆڕیووە.
بەگوێرەی بڕیارەکە کە بە ناونیشانی “دوورخستنەوەی پیاوان لە وەرزشی ژنان”ـە، فەرمان بە هەموو قوتابخانە و ناوەندە وەرزشییەکان دەکرێت نەهێڵن کەسانی رەگەزگۆڕاو بەشداری لە وەرزشی ژنان بکەن.
چەند ساڵێکە بەشداریکردنی ژنانی رەگەزگۆراو “کە پێشتر رەگەزیان نێر بووە” کێشەیەکی گەورەی لە ئەمریکا دروستکردووە و چەندین یاریزانی ژن لە وەرزشە جیاوازەکان رەخنەی ئەوەیان گرتووە کە یارییەکان “دادپەروەری تێدا نەماوە” بەهۆی بەشداریکردنی پیاوان لە وەرزشەکانیاندا چونکە “توانا و وزەی ئەو ژنە رەگەزگۆڕاوانە زیاترە.”
دۆناڵد ترەمپ هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دژی بیرۆکەی رەگەزگۆڕین و هاورەگەزخوازیی چەندین بەڵێنی بە دەنگدەرانی دا و بەشێکی زۆری بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی لە دژایەتیکردنی ئەو چینە دەبینییەوە.
هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە 20ـی مانگی رابردوو ترەمپ فەرمانێکی دەکرد لە دامودەزگاکانی حکومەت تەنها دوو رەگەزی نێر و مێ بە فەرمی بناسێنن و رایگەیاند، جگە لەو دوو رەگەزە هیچ رەگەزێکی دیکە نییە.