ئەم هەفتەیە قۆناغى چارەکى کۆتایى جامى شا کۆتایى دێت و ١٢ى مانگ تیروپشکى قۆناغى پێش کۆتایى رادەکێشرێت.
کێبڕکێکانى قۆناغى چارەکى کۆتایى جامى شاى ئیسپانیا بەرەو کۆتایى دەچن و ئەمشەو دوایین دوو یارى ئەو قۆناغە بەڕێوەدەچن.
کاتژمێر نۆ و ٣٠ى خولەک، ریاڵ سۆسیداد و ئۆساسۆنا ڕووبەڕووى یەکدەبنەوە، کاتژمێر ١١ و ٣٠ى خولەکیش، بەرشەلۆنە دەبێت بە میوانى ڤالانسیا.
یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیا رایگەیاند، چوارشەممە ١٢ى ئەم مانگە کاتژمێر سێى پاش نیوەڕۆ بەکاتى کوردستان، تیروپشکى قۆناغى پێش کۆتایى جامى شا رادەکێشێت.
پرۆسەى راکێشانى تیروپشکەکە لە هۆڵى لویس ئاراگۆنێس لە بارەگاى یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیا لە مەدریدى پایتەخت بەڕێوەدەچێت.
وەرزى رابردوو یانەى ئەتلەتیک بلباو بۆ ٢٤هەمین جار نازناوى جامى شاى بەدەستهێنا، دواى ئەوەى لە یارى کۆتاییدا بە لێدانى یەکلاکەرەوە لە ریاڵ مایۆرکاى بردەوە، کە لە کاتى یاسایى یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا یەکسانبوون.