زووم..
سبەی خانەنشینانى سەربازی مووچەى مانگی یەک بە هاوتاکراوی وەردەگرن، بەڵام ئەمە بۆ ئەوانەیە لە دوای ساڵی 2014ەوە خانەنشین بوون.
شێخ عەزیز عەلی بەرێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانى تایبەت بە زومی گوت، چاوەڕێی ئەوە نەبوون بەمزوانە مووچەکانی خانەنشینیی سەربازی هاوتا بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی کاری باش کراوە، هەوڵەکان زوو هاتونەتە بەرهەم.
گوتیشی، هاوتاکردنەکە خانەنشینیی پلە باڵاکان کەمدەکاتەوە، بەڵام پێشمەرگەى ئاسایی تاوەکو پلەى ملازم مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت، پێشمەرگە دێرینەکانیش کە پێشتر مینحەیەکی 100 هەزاردیناریان هەبووە، لەم مانگەوە لێیان بڕاوە.
هەروەها سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی بە زوومی گووت، ئەو خانەنشینە سەربازییانەی لە دوای ساڵی 2014ـــەوە خانەنشین بوون سبەی پێنجشەممە مووچەكانیان بە هاوتاكراوی وەردەگرن، تەنها لە سلێمانی نزیكەی دوو هەزار و 500 خانەنشینی سەربازی سوومەند دەبن لەو بڕیارە، بەڵام بۆ ئەم مانگە 100 هەزار دیناری بژێوی تێدا نییە و وەكو خانەنشینی شارستانی دەبێت.
لە سلێمانی نزیكەی 28 هەزار خانەنشین پێش 2014 خانەنشین بوون مووچەی ئەوان هاوتا ناكرێت و پێویستی بە دروستكردنی لیژنەیەكە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و خانەنشینی گشتیی هەرێم.