زووم..
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، ئەو 100 هەزار دینارەی بۆ مووچەی مانگی یەک لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بڕدراوە مینحەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و بۆ ئەو خانەنشینانە بوو مووچەکەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە.
دەشڵێت، دەبێت ساڵانە سەرۆکوەزیران بڕیارێکی نوێ بدات بۆ بەردەوامبوونی مینحەکە، بۆ ئەمساڵیش ئەگەر سودانی بڕیاری بەردەوامبوونی بدات ئەوا 100 هەزار دینارەکە لە مانگەکانی داهاتوودا بۆ خانەنشینان دەگەڕێنرێتەوە.
زووم لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ دەستەی خانەنشینیی عێراق کرد، ئەوان گوتیان، هیچ بڕە پارەیەک لە خانەنشینانی عێراق نەبڕاوە و خەرجکردنی 100 هەزار مینحە بۆ ئەو خانەنشینانەی مووچەیان لە ملیۆنێک کەمترە بەردەوامە.
دەستەکە راشیگەیاند، خانەنشینانی عێراق دوو مووچەی ئەمساڵیان بە مینحەی 100 هەزار دینارەکەوە وەرگرتووە و هیچ بڕیارێکیش نییە بۆ راگرتنی، تەنانەت ئەگەر سەرۆکوەزیرانیش بگۆڕێت مینحەکە بەردەوام دەبێت.