زووم..
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردووەتەوە، بانکى ناوەندیى عێراق و کۆمپانیاى ئۆلیڤەر وایمانى ئەمریکى، گرێبەستێکیان واژۆ کردووە بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى بانکى لە عێراق.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو هاوبەشییەى بانکى ناوەندی و کۆمپانیاى ئۆلیڤەر وایمان رایانگەیاندووە، بەرزکردنەوەى ئاستى خزمەتگوزارییە بانکییەکانە بەگوێرەى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و گەیاندنى بە هەموو تاکێکى عێراقى.
هەروەها، رێگریکردن لە پارەسپیکردنەوە و پارەدارکردنى تیرۆر و گێڕانەوەى متمانە بۆ بانکەکان، بۆئەوەى هاووڵاتیان بەبێ ترسی فەوتان پارە لە بانکەکاندا دابنێن.
رۆژی 27ـى مانگى رابردوو شاندێکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى ئەمریکا، لەگەڵ عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هاتنى کۆمپانیا و بانکە ئەمریکییەکان کرد بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى بانکى و وەبەرهێنان لە عێراق.