زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
حکومەت لە قەرەبووکردنەوەى لێقەوماوانی بومەلەرزە کەمتەرخەم بووە
دوو ساڵ بەسەر بومەلەرزەکانى 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان تێدەپەڕێت، هێشتا تەواوی لێقەوماوان قەرەبو نەکراونەتەوە و گەورەترین کێشەیان ئەوەیە تائێستا لەنێو کۆنتەینەردا دەژین.
بەگوێرەى نوێرتین ئامار تائێستا 670هەزار کەس لەنێو کۆنتەینەرەکاندا ژیان بەسەردەبەن.
میللییەت
بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەنجان سنوردار دەکرێت
لە نوێترین رێکاری حکومەتى تورکیا سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حکومەت بەنیازە بە یاسا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکبخات.
بەگوێرەى رێنماییەکی حکومەت ،لەمساڵەوە هەندێ رێکار دەگیرێتەبەر تاکوو بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تەمەنی خوار 16 ساڵان قەدەغە بکرێت.
لەمەودوا لە کاتی کردنەوەى هەژمارێکی نوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دڵنیایی لە تەمەنی کەسەکە دەکرێتەوە تاکوو بزانرێت تەمەنیی بووەتە 16 ساڵان.
یەنیچاخ
زیاتر لە نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە ئیستانبوڵ لەبەردەم مەترسی روخاندان
بەگوێرەى بەدواداچونەکان لە ئەگەری بومەلەرزە لە ئیستانبوڵ 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لەژێر مەترسی رووخاندان.
لە ئیستانبوڵ حەوت ملیۆن و 500 هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون هەیە و ژیانی ملیۆنان کەس لەژێر مەترسیدایە.

قەرار
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، پێویستە زوو کاندیدی سەرۆککۆماری دەستنیشان بکەین
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پێوستە زوو کاندیدی پارتەکەمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆمار دەستنیشان بکەین تاکوو زووتر ئامادەکاریی بۆ ئەو بابەتە بکەین لە بەرژەوەندی خۆماندایە.
گوتیشی ،هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسوڕ یەڤاش بە باشترین بژاردە دەزانم بۆ کاندیدبونییان بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی میللی
کەمی مووچە مامۆستایانی بێهیوا کردوە
بارودۆخی گوزەرانی مامۆستایان لە ئێران خراپتر دەبێت.
کەمبوونەوەی پاڵنەریان بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانە حکومییەکان بۆتە یەکێک لە پرسە رژدەکانی پەروەردە لە ئێراندا.
زۆرێک لە مامۆستایانی کەم مووچە بێهیوا دەبن لە وانەوتنەوە لە قوتابخانە حکومییەکان بەهۆی ئەوەی هەڵاوسان و تێچووی ژیان بەردەوام بەرز دەبێتەوە و مامۆستایانی ئێران کە موچەیان کەمتر لە 200 دۆلارە ناتوانن تێچووەکانی بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
هەروەها کەمبوونی مامۆستا لە قوتابخانە حکومییەکان و قەرەباڵغی پۆلەکانی خوێندن کاریگەریی لەسەر کوالێتی خوێندن دروستکردووە و بووەتە کێشە بۆ خوێندکاران.
باختەر
کەمپە بێ مۆڵەتەکان مەترسین بۆ ئاڵودەبووانی مادەی هۆشبەر
لە پارێزگای کرماشان ژمارەی کەمپی بێ مۆڵەت بۆ چارەسەری ئاڵوودەبوون زۆر زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 70 ناوەند.
ئەم کەمپانە کە زیاتر لە ناوچە هەژارەکاندا کاردەکەن و لەبری باشترکردنی باری ئاڵوودەبووان، کێشە جەستەیی و دەروونییەکانیان گەورەتر دەکەن.
سیاوەش ئەکبەری، سەرۆکی ناوەندەکانی چارەسەری ئاڵوودەبووانی کرماشان دەڵێت، کەمپە بێ مۆڵەتەکان لەلایەن کەسانی ناشایستە بەڕێوەدەبرێن و ژینگەیەکی ناپارێزراویان دروستکردووە. زۆرێک لە خێزانەکان بە هۆی نەزانییەوە بە ریکلامەکانی ئەو ناوەندانە فریو دەدرێن.
ناوبراو داوای دەکات دەسەڵاتی دادوەری هەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەمپانە هەبێت و داوای لە خێزانەکان کرد پێش ئەوەی ئازیزانیان رادەستی ئەو شوێنانە بکەن لە مۆڵەتی فەرمی ناوەندەکە دڵنیا ببن.
مەردوم سالاری
19 ملیۆن ئێرانی لە ماڵە ناپارێزراوەکاندا دەژین
عەبدولڕەزا گوڵپایگانی، بریکاری وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان رایگەیاند: نزیکەی 19 ملیۆن ئێرانی لە باڵەخانە ناپارێزراو و ناجێگیرەکاندا دەژین و ئەم بینایانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە وێرانەکان و دەرەوەی شارەکاندا هەڵکەوتوون و پێکهاتەیەکی بەرگریی بەهێزیان نییە، بۆیە رەنگە بەهۆی بوومەلەرزەیەکی 4 بۆ 5 بە رێختەر وێران ببن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج ملیۆن و 700 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی ناپارێزراو لە ناوچە شارییەکاندا هەن و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 700هەزار یەکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی خێرا هەیە بەڵام سەرەڕای بڕیارەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە تا ئێستا تەنها ۲٪ی بودجەی پلانەکە دابین کراوە.

ئەبراری ئیقتسادی
تورکمانستان تۆڵە لە ئێران و روسیا دەکەنەوە
تورکمانستان تۆڵە لە ئێران و روسیا دەکاتەوە و کێشەی بۆ پەیوەندییە غازییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵات زیاد کردووە.
تورکمانستان نەک هەر رێگە نادات غازی روسیا لە رێگای خاکەکەیەوە بگوازرێتەوە بۆ ئێران، بەڵکو ئامادە نین خۆشیان غازی ئێران بەو نرخەی کە رێککەوتوون دابین بکەن.
پێشتر پەیوەندییەکانی تورکمانستان لەگەڵ روسیا بەجۆرێک بووە هەمیشە ناچار بوون غازی وڵاتەکەیان بە هەرزان بفرۆشن، ئەوانیش دواتر بە نرخێکی گرانتر بە ئەوروپا دەیانفرۆشت.
بەڵام ئێستا دەیانەوێت بە چەند مەرجێک غازەکەیان بە ئێران بفرۆشن کە نرخ و مەرجەکانی لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران پەلە دەکات لە بەدەستخستنى ئەتۆم و ئەمریکاش فشارێکى گەورەى دەخاتەسەر
ئاژانسى رۆیتەرز لە زاری گەورە بەرپرسێکى کۆشکی سپییەوە بڵاویکردوەتەوە، بەم نزیکانە ترەمپ دەسەڵاتى خۆی بەکاردەهێنێت و مەرسومێکى سەرۆکایەتى لەبارەى ئێرانەوە دەردەکات وەک ئەو دەڵێت فشارێکی گەورەی ئابورییە و رێگر دەبێت لە دەستگەیشتنى ئێران بە چەکی ئەتۆم.
بەگوێرەى ئەو مەرسوومە وەزارەتەکانى دەرەوە و گەنجینەکانى ئەمریکا رادەسپێرێت بۆ کەمکردنەوەى هەناردەى نەوتى ئێران تا نزیککردنەوەى لە سفر، وڵاتانى هاوپەیمانیشی رادەسپێرێت هاوکاری بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو پلانە تا ببێتە سزایەکى گشتى نێودەوڵەتى، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە گفتوگۆکانى نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لەبارەى ئێران و چەکە ئەتۆمییەکەیەوە بووە.
سەباح
میسر دەیەوێت پایتەختێکى ئیداریی بۆ عێراق دروستبکات
حامید عەبد حەمەد سەرۆکی دەستەى شارە نوێیەکان لە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى عێراق رایگەیاند، چوار کۆمپانیاى تایبەتمەندى میسر دواکارییان پێشکەش بە وەزارەتەکەیان کردووە بۆ دروستکردنى پایەتەختی ئیداریی بۆ عێراق کە دەکەوێتە ناحیەى نەهرەوان لە قەزای مەدائینى رۆژهەڵاتى بەغداد.
بەگوێرەى گوتەى حامید ئەو کۆمپانیا میسرییانە پسپۆڕییان هەیە لە بوارى بیناسازیی و دروستکردنى یەکە ئیدارییەکاندا، باسی لەوەشکردووە پرۆژەى گواستنەوەى پایتەختى ئیداریی پێشنیازێکە بۆ کەمکردنەوەى فشارەکانى سەر شارى بەغداد و بڕیارە هەر وەزارەتێک 50 دۆنم زەوی بۆ دابینبکرێت تا وەزارەتەکانى لەسەر بونیاد بنرێت و تا ئێستاش لە ژێر تاووتوێکردندایە.
ئەگەر پرۆژەکە پەسەند بکرێت پایتەختە نوێیە ئیدارییەکە هەموو مەرجە سەردەمییەکانى شارى تێدا دەبێت و کۆتا تەکنۆلۆجیاى پەیوەندیی و ئەمنی تێدا دەستەبەر دەکرێت.
دەستور
عێراق یەکەم وڵاتى هاوردەکردنى ئاژەڵ و ماسى تورکیایە
عەلى جان یەمان یەڵماز بریکارى کۆمەڵەى هەناردەکردنى ئاژەڵ و ماسی تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ریزبەندی یەکەمدایە بۆ کڕینى بەرهەمی ئاژەڵ و ماسى لە تورکیا.
بەگوێرەى راپۆرتى ئەو کۆمەڵەیە، هەناردەکردنى سامانى ئاژەڵ و ماسى تورکیا گەیشتووەتە سێ ملیار و 86 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2024 دا، بەوەش نزیکەى 11% رێژەکەى بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵى پێشووتر، بەگوێرەى گوتەکانى عەلى جان زۆرترین فرۆشراوەکانى تورکیا بە عێراق گوشتى ماسى زیندوو و بەستوو، گۆشتى کێڵگە پەلەوەرییەکان بووە، ئاماژەى بەوەشکردووە عێراق و روسیا و ئیتاڵیا لە ریزبەندی یەکەم و دووەم و سێیەمى لیستەکەیاندا بوون بۆ کڕینی گۆشتى تورکی.

عەرەب
ساڵانە ملیۆنەها فەتوا لە میسر دەردەچێت
هەردوو دامەزراوەى ئەزهەر و ماڵی فەتواى میسر، ئامارێکى هاوبەشیى ساڵى 2024یان بڵاوکردەوە کە زیاترە لە سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار فەتواى جۆراوجۆر، بەگوێرەى راپۆرتی ئەو دوو دامەزراوە فەرمییەى میسر بەشێک لە فەتواکان سودیان هەیە و بەشێکى دیکەشیان بێکەڵکن و پەیوەندییەکى ئەوتۆیان بە ژیانى خەڵک و ئیدارەى دەوڵەتەوە نییە.
باسیان لەوەشکردووە، بەشێکى زۆر لە فەتواکان کراونەتە شانازیی بۆ دامەزراوەکان و دەسەڵات و هەژموونى خۆیانى تێدا نیشان دەدەن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە دامەزراوەی ئەزهەر ملیۆنێک و 960 هەزار فەتواى دەرکردووە و بەوەش بووەتە پێشبڕکێ لەنێوان ماڵی فەتوا و دامەزراوەى ئەزهەر دا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەشێکى زۆر لە فەتواکان پێچەوانەن لەگەڵ ئەو ڕێڕەوەى کە حکومەت گرتوویەتیەبەر بۆ بەرەوپێشوەچوونى میسر بەرەو دیموکراسیەت و کۆمەڵگە بەرەو توندڕەویی ئاڕاستە دەکات و سەچاوەى بەشێک لە مانەوە و گەشەى توندڕەوییە و بەشێکى زۆریشیان لەڕێگەى ئەلیکترۆنییەوە بڵاودەکرێنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لە خراپترین هێرشی تەقەکردندا لە سوید 10 کەس کوژران
لە یەکێک لە خراپترین هێرشەکانی تەقەکردن لە خەڵکدا لە سوید کەسێک بە چەکەوە پەلاماری خوێندنگەیەکی داوە، تەقەی لێکردوون 10 کەسی کوشتووە و بەلای کەمەوە 12 کەسیشی بریندارکردووە.
ئەم هێرشە کوشندەیە پاشنیوەڕۆی دوێنێ روویداوە، خوێندنگەیەک کراوە بە ئامانج ناوی (ریسبەرسکا)ـیە، دەکەوێتە شاری ئۆربرۆ، کە نزیکی 160 کیلۆمەتر لە ستۆکهۆڵمی پایتەختەوە دوورە. بکوژەکە پیاوێکە تەمەنی 35 ساڵە و لە رووداوەکەدا خۆشی کوژراوە، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەکەی رانەگەیەندراوە، کە کێیە.
تایمز
گوێ مەدەرێ، تا سبەینێ بەیانی کە هەڵدەستیت لە خەو هەموو شتێک چاک دەبێت
ئەوە شتێکی زۆر باوە بە هاوڕێیەکت یان کەسێکی نزیکی خۆت بڵێیت ئەوەندە مەچۆ ژێر باری ئەو کێشەیەوە کە هەتە. تا سبەینێ هەموو شتێک خۆی چاک دەبێت. ئەمە قسەیەکی باوی ناو خەڵکە، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نوێ هەیە کە لەبارەی مۆرکی ئاسوودەیی مرۆڤەکانەوە کاریکردووە. ئەم توێژینەوەیە دەڵێت رێژە و ئاستی ئاسوودەیی مرۆڤەکان لە بەیانی زووەوە زۆر بەرزە، کە بەیانی دێت هەموو کەسەکان لە ژیان و ئاستی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی خۆیان رازین، میزاجیشیان وەک خۆری بەیانیان هەڵدێت، بەڵام هەتا بەرەو ئێوارە بکشێن تێکڕا و ئاستی ئاسوودەییەکە کەمدەبنەوە و تا نیوەی شەو هەر زیاتر بەرەو دابەزین دەچێت. خەڵک بە شێوەیەکی گشتی لە هاویندا میزاجیان باشترە لە وەرزەکانی دیکە، بەڵام رۆژانی شەممە و یەکشەممە پشێوییەکانیان زیاترە. ئەم توێژینەوەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە مانگی ئاداری 2020 تا مانگی ئاداری 2022 لەناو بەریتانیادا کاری لەسەر 49 هەزار کەسی پێگەیشتوو کردووە و بە چاودێریکردنی ئەوان گەیشتووە بە ئەنجامەکانی.
گاردیەن
ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی کرێکاران داوا لە ستامەر دەکەن رێوشوێنی توندتر بەرامبەر بە پەنابەران بگرێتەبەر
هەڵکشانی شەپۆلی ریفۆرمخوازەکان لە بەریتانیا هەڕەشەی بۆ سەر ژمارەی کورسییەکانی ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە پارتیی کرێکاران دروستکردووە. لەبەرئەوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەم پارتە گروپێکی فشاریان دروستکردووە، داوا لە ستامەر دەکەن هەندێک رێوشوێنی تووندتر بەرامبەر بە پەنابەران و بە رێژەی تاوان بگرێتەبەر.
ئەم ئەندام پەرلەمانانە نوێنەرایەتیی 89 بازنەی هەڵبژاردن دەکەن، کە ساڵی رابردوو ریفۆرمخوازەکان لە سنوری ئەو بازنانەدا بە پلەی دووەم هاتن.
ئۆرشەلیم پۆست
ترەمپ و نەتانیاهۆ لەبارەی بارمتەکان و ئایندەی غەزەوە قسەیان کردووە
نەتانیاهۆ پێیباشە لەگەڵ سعوودییەکاندا رێکبکەوێت، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لەبارەی کەرتی رۆژئاوا واز لە هەندێک لە خواستەکانی خۆی بهێنێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی گوتووە، نەتانیاهۆ چاوی لەسەر ئەوەیە لە بواری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکان لەگەڵ سعوودیەدا چەند هەنگاوێک بچێتە پێشەوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە واز لە کەرتی رۆژئاوا بهێنێت. بەڵام ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نەتانیاهۆدا گوتی، ئەمریکا دەیەوێت خۆی بە سوپای ئەمریکا کۆنترۆڵی کەرتی غەزە بکات، لەوێ کار بە بەرنامەیەکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بکەن، بۆئەوەی سەرلەنوێ دانیشتوانەکەی لە شوێنی خۆیان نیشتەجێ بکەنەوە. ترەمپ بەڵێنیداوە کۆنترۆڵکردنی ئەو کەرتە لەلایەن ئەمریکاوە وایلێبکات ببێت بە ناوچەیەکی ئارام نەک هەر بۆ ئیسرائیل، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە.