38
یانەی پێشمەرگە سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا و سنورێکی بۆ ئەنجامە خراپەکانی لە خولی نایابی عێراق دانا.
لە یەکێک رکابەرییەکانی خولی نایابی عێراق، یانەی پێشمەرگە لە یاریگای خۆی میوانداری رومادییەی کرد.
تایمی یەکەم یاریزانانی پێشمەرگە باشتر بینران و میوانەکەشی بە هێرشی پێچەوانە یاریی دەکرد، بەڵام هەردوو یانە نەیانتوانی سەرکەوتووبن لە تۆمارکردنی گۆڵ.
تایمی دووەم جارێکی دیکە یانەی پێشمەرگە بەهێرشکردن دەستیان بە یاریی کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان سەرکەوتوو بوو کاتێک لەخولەکی 71دا لە رێگەی سالار حسێنەوە بوونە خاوەنی گۆڵی یەکەم، یارییەکەش بەو تاکە گۆڵە لەبەرژەوەندی یانەی پێشمەرگە کۆتایی هات.
بەو بردنەوەیە یانەی پێشمەرگە بە 20 خاڵ بە کاتی لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییدایە، رومادیش بە 17 خاڵ بە کاتی دابەزی بۆ پلەی نۆیەم.