زووم..
دوو رۆژە لاهور شێخ جەنگی لە بەغدادە و سەرقاڵی کۆبوونەوە و دیدارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.
زووم زانیویەتی لاهور شێخ جەنگی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا چەندین کۆبوونەوەی دیکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەبێت.
ئەم کۆبوونەوانەی لاهور شێخ جەنگی دوای ئەوە دێت لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا دوو جار سەردانی واشنتۆنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووەتەوە.
لاهور شێخ جەنگی شەوى رابردوو لە بەغداد لەگەڵ نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانى دیکەى عێراق دەبێت.
لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، لەگەڵ نوری مالیکی بە گرنگییەوە باسمان لەو دۆخە ناهەموارە کرد، کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستانى پێیدا تێپەڕ دەبن.
هەردوولا جەختیان کردەوە، پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسا و رێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو کێشانە سەرهەڵنەداتەوە، کە زیاتر لە 10 ساڵە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە.
لاهور شێخ جەنگى دەڵێت، لەگەڵ نوری مالیکی، بیروبۆچوونمان ئاڵوگۆڕکرد، لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی، باسمان لە ئامادەکارییەکان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و پێشهاتێک لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.