زووم..
وەزیری دەرەوەى روسیا رایگەیاند، ئاماژەیەکى روون بۆ کێشەی جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئاگربەستی غەزە لە نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئیسرائیل بەدیدەکرێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، لە کاتی بەشداریکردنى لە چواردەیەمین کۆنفرانسی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، گوتى، لە قۆناغی یەکەمى ئاگربەستى غەزە، هەندێک رەفتار و جموجۆڵی بزووتنەوەى حەماس بەدیکرا کە بە دڵی ئیسرائیل نەبووە، ئیسرائیلیش بەنیازە لە لوبنان و سوریا بمێنێتەوە.
لاڤرۆڤ پێداگریی ئەوەش دەکات، چارەسەری پرس و کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دروستکردنى دەوڵەتێکە بۆ فەڵەستین، کۆمەڵی نێودەوڵەتى و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایش، کۆمەڵێک بڕیار و پرۆژەیان بۆ ئەو مەبەستە گەڵاڵە کردووە.
وەزیرە روسییەکە دەشڵێت، ئیدارەی جۆ بایدن هەمیشە جەختی لەسەر پرسی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکردەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هێشتا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پرسە بە روونی نەخستووەتەڕوو.
دەشڵێت، هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی روسیا و چین و ئێران لە سوریا مەرامێکی باش نییە.