زووم..
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە بەڵێنەکانی بۆ رۆژاڤا لە روبەڕووبونەوەی داعش و پشتیوانی لە سەقامگیری دەکات، تائێستاش هیچ ئاماژەیەک نییە گۆڕانکاری لە هەڵوێستیدا رووی دابێت.
ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتێنکیدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز دەشڵێت، لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لەسەر چەند دۆسیەیەک گفتوگۆیان هەیە، لەنێویاندا دۆسیەی زیندانیان، کە بەهاوکاری هەندێک لە وڵاتانی هاوپەیمان بەڕێوەی دەبەن.
لەبارەی لێدوانی وڵاتانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد، گوتوویەتی، پێشوازی لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکانی رۆژاڤا، بەڵام کەلێنێکی گەورە هەیە لەنێوان لێدوان و هەڵوێستە کردارییەکانیاندا، تورکیا تاوان و پێشێلکاری بەرامبەر هاووڵاتیانی مەدەنی دەکات، بەڵام لەوبارەیەوە هەڵوێستێکی روون و پەرچە کردارێکی ئەو وڵاتانەمان نەبینی، بەڵکو زیاتر هانی تورکیایان داوە بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەکانی.
دەشڵێت، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایان کردووە کۆتایی بەداگیرکارییەکانی تورکیا بهێنرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵگەشیان لەسەر تاوانەکانی تورکیا بەرامبەر خەڵک و ژێرخانی رۆژاڤا پێداون.هاوکات، لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە پەیوەندیی بەردەوامدان و سەردانیان دەکەن.