زووم..
وەزارەتی دارایی هەرێم ناردنی 958 ملیار دینارەکەی لەلایەن بەغدادەوە بە فەرمی راگەیاند و دەڵێت، تیمەکانیان سەرقاڵی تەواوکردنی وەرگرتنی تەمویلەکەن و دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
وەزارەتی دارایی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە 04-02-2025 “وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دیناری خستە سەر هەژماری بانکیمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.”
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، “تیمەکانمان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکەن و لەنزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.”
ناردنی پارەی بۆ مووچە دوای ئەوە دێت کە شاندی هەرێم لە کۆتایی هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدادیان کرد و سێ رۆژ مانەوە، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کرد.
لەدوای کۆبوونەوەکان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم گوتی، رێککەوتنێکی باش کراوە و “کێشەی مووچەخۆران بۆ 2025 چارەسەر کراوە و هیوادارین لەمەودوا مووچە نەبێت بە هەواڵ.”
هاوکات ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغدادەوە لەبارەی مووچە دەڵێت، بەگوێرەی رێکەوتنەکە مووچەی هەرێم بۆ هەر 12 مانگی ساڵی 2025 دابینکراوە.