زووم..
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند حکومەتی عێراق بە یەک گوژمە زیاتر لە 958 ملیار دیناری ناردووە و لەزووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی لەبارەی بڕی ئەو پارەیەوە کە بەغداد ناردوویەتی دەڵێت، بە یەک گوژمە بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی دەکات.
هەر دوێنێ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەگەڵ بەغداد گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر مووچەی ساڵی 2025 و لە زووترین کاتدا مووچەی مانگی یەک دابەش دەکەن.
رۆژی 05-01-2025 دواین جار بوو مووچەخۆران مووچەیان وەرگرت کە ئەویش مووچەی مانگی 11ـی ساڵ رابردوو بوو.
تائێستا چارەنووسی مووچە مانگی 12 دیار نییە و حکومەتی هەرێم دەڵێت، بەغداد مووچەی مانگی 12ـی نەناردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، حکومەتی عێراق ئەو دۆسیەی داخستووە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ مانگی 12 نانێرێت چونکە بە شاندی هەرێمی راگەیاندووە کە تەواوی پارەی مووچەی 2024یان ناردووە.