زووم..
حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچەی راگەیاند کە ئامانج لێی رێکخستنی خشتە و زانیارییەکانی مووچەیە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق.
لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمەکەی راگەیاند و دەڵێت، پڕۆسەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێکخستنی خشتە و کاروبارەکانی مووچە لە دامودەزگاکانی حکومەت.
فەمانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی سیستمەکە رێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەی مووچەیە بەشێوەیەکی کاراتر و وردتر بۆ بەهێزکردنی پڕۆسەی بەڕێوەبردنی مووچە لە سەرجەم دامودەخزگاکانی حکومەت.
هەروەها ئەوەش هاتووە، ئامانجێکی دیکەی سەرەکی پڕۆژەکە ئەوەیە کە ببێتە تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی مووچە بۆ باشترکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچە.