زووم..
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەڵێت، پلانی باجی گومرگیی ئەمریکا کە دۆناڵد ترەمپ لەم چەند رۆژەی پێشوو رایگەیاند، بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگیرێت.
ترودۆ لە ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە، کەنەدا پلانی 1.3 ملیار دۆلاری سنوورەکەی جێبەجێ دەکات، ئەوە جگە لە بەهێزکردنی سنوورەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە رێی زیادکردنی کەرەستەی نوێ و تەکنەلۆجیا و کارمەندی زیاتر.
گوتیشی، ئەوان بەو پلانە رێگری لە رۆیشتنی دەرمانی فێنتەنێڵ دەکەن، کە دەرمانێکی ئەفیونی هۆشبەرە و ترەمپ بە مەترسی گەورەی سەر وڵاتەکەی دەزانێت، ترودۆ دەڵێت، بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی دەرمانەکە بە ئەمریکا نزیکەی 10 هەزار کارمەندی هێڵی پێشەوە کار لەسەر پاراستنی سنوور دەکەن.
بە گوتەی ترودۆ، کەنەدا لەگەڵ ئەمریکا پلانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، قاچاخی مادەی هۆشبەر، بازرگانی و سپیکردنەوەی پارە دەستپێدەکات، هەروەها رێنماییەکی نوێی هەواڵگریان لەسەر تاوانی رێکخراو واژۆ کردووە.