زووم..
رۆژنامەی ئایدنڵکی تورکی 10 مەرجی پەکەکەی راگەیاندووە بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە دیارترینیان خوێندنە بە زمانی کوردی و کۆتایهێنانە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە رۆژاڤا و هەرێمی کوردستان.
رۆژنامەکە دەڵێت، لەپاش کرانەوەى دەوڵەت باخچەلی بە رووی مەسەلەی کورد و دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان، پەکەکە لە رێگەى دەم پارتییەوە 10 مەرجی بۆ پڕۆسەکە ئاشکرا کردووە.
دەم پارتی لە کۆبونەوەى لەگەڵ شاندی پلاتفۆڕمی ئامەد مەرجەکانی پەکەکەی ئاشکرا کردووە لەوانەش لابردنی یاساکانی روبەڕووبونەوەى تیرۆر، هەڵوەشاندنەوەى یاسای دانانی قەیوم، خوێندن بە زمانی کوردی، بە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەکارهێنانی، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باشوور و رۆژاڤای کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە بەمەبەستی روونکردنەوەى زیاتر لەسەر بەڕێوەچونی دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، شاندێکی دەم پارتی چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە سەردان بۆ 40 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان.
هەفتەی رابردوو سۆفیا ئەڵەگاش، سەرۆکی شارەوانیی سێرتی لەسەر کارەکەى دوورخرایەوە و لە جێگەکەشی کەمال کزڵکایا پارێزگاری شارەکەی وەک قەیوم دانرا.