زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
90 پاسەوانی ژینگەپارێز تەنها سێ دووربینی چاودێریان هەیە
فەرماندەی یەکەی ژینگەپارێزیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، کە 90 پاسەوانی ژینگەپارێز تایبەتن بە پاراستنی سروشت و گیانلەبەرە کێوییەکان بەڵام تەنها سێ کەسیان دووربینی چاودێریان هەیە.
لەو ژمارەیەش 80 کەسیان فەرمین و 10 کەسیان کرێکاری گرێبەستن.
ناوبراو گوتیشی، ژینگەپارێزانی پارێزگاکە سێ هێندە زیاتر لە ستانداردی جیهانی کاردەکەن و تەنها 10٪ـی رووبەری پارێزگاکە لەژێر بەڕێوەبردنی رێکخراوی پاراستنی ژینگەدایە کە لە ستانداردی جیهانی کەمترە.
جەهانی سەنعەت
ئەوانەی ئاوی زۆر بەکاردەهێنن سزا دەدرێن
بریکاری وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، پێشنیارێک بۆ زیادکردنی باجی ئاو بۆ بەکارھێنانی زۆر پێشکەشکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی دەکرێت.
یەزدان رەزایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە یاسای پێشوودا شێوازی بەکاربردنی یەکسان دیاری کراوە و باجی کارەبا و ئاو بۆ هەموو کەس هاوشێوە بووە.
لە یاسای نوێدا ئەوانەی ئاوی کەم بەکاردەهێنن کەمتر لە یەک لەسەر سێی تێچووەکەی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەکارهێنانیان زۆر بێت نرخی هەر لیترێک ئاویش گرانتر دەکرێت بۆیان.
بەم شێوەیە بەکارهێنەرانی ئاسایی وەک خۆیان دەمێننەوە بەڵام بەکارهێنانی زۆر و بێسنووری ئاو تووشی باج و سزا دەبێت.
ئەبرار
هەفتەی رابردوو لە ئێران 200 بوومەلەرزە روویداوە
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندیی جیۆفیزیکی زانکۆی تاران، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئێران 200 جار تووشی بومەلەرزە بووەتەوە.
ئێران کە دەکەوێتە پشتێنەی ئەلب- هیمالایا، یەکێکە لەو وڵاتانەی بەردەوام تووشی بوومەلەرزە دەبێتەوە و فشاری پەڕەی سعودیە بە هۆکاری سەرەکی بوومەلەرزەکان دادەنرێت.
لەم ماوەیەدا شاری قەسرشیرین سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکترین ناوچەی بوومەلەرزەی ئەو وڵاتە بووە، کە 24 جار لەرزیوە.
هەروەها گەورەترین بوومەلەرزەش لەم هەفتەیەدا بە گوڕی 5.1 لە قەسرشیرین تۆمارکراوە.
ئارمانی ئێمروز
یارمەتی مانگانە لەو خێزانانە دەبڕێت کە داهاتیان زیاتر لە 400 دۆلار
بەگوێرەی یاسای بودجەی نوێی پەرلەمان، حکومەت پابەندە بە نەهێشتنی یارمەتییە نەختینییەکان بە بڕی چوار دۆلار بۆ هەر تاکێک، بۆ ئەو کەسانەی کە داهاتیان زۆرترە لە 400 دۆلار.
ئەم رێوشوێنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە مانگی داهاتوو زۆرێک لە وەرگرانی یارمەتییەکان لە لیستی یارمەتییەکان لاببرێن.
نەهێشتنی یارمەتییە نەختینییەکان لەسەر بنەمای دوو نیشاندەری سەرەکییە: یەکەم لەسەر بنەمای کۆی داهاتی ئەندامانی خێزانەکە و دووەم ژمارەی ئەندامانی خێزان.
بەم شێوەیە ئەو کەسانەی داهاتیان لە 400 دۆلار زیاترە، چیتر شایستەی یارمەتی نەختینەیی نابن و ئەم بڕە پارەیە بۆ ماڵە پێویستەکان تەرخان دەکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو
یەکەم رێژەى هەڵاوسان بۆ ساڵی 2025 دیاریکرا
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا بۆ ساڵی نوێ، رێژەى هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 42.12٪ دابەزیوە و لەسەرئاستی مانگانەش رێژەى هەڵاوسان 5٪ بووە.
هاوکات بە گوێرەى راپۆرتێکی ناوەندی ئیناگ رێژەى هەڵاوسان زیاترە لەوەی کە حکومەت رایگەیاندووە.
بەگوێرەی راپۆرتى ئیناگ رێژەى هەڵاوسان بۆ ساڵی نوێ 81٪ دیاریکراوە و لەسەر ئاستی مانگانەش سەدا هەشت پۆینت دوو بووە.
یەنیچاخ
لە ساڵی نوێدا کرێ خانوو بە رێژەى 56 % گران کرا
بەگوێرەى دیاریکردنی رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا کرێی یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنی کاریش گران کرا. لە دووەم مانگی ساڵی نوێوە کرێ یەکەی نیشتەجێبون و شوێنی کار بە رێژەى 56٪ گران کرا.
هاوکات نرخی خواردەمەنی و سەوزە و میوە وەک خۆی بە گرانیی ماونەتەوە و هەندێک لە پاقلەمەنییەکان نرخەکەیان گران بووە.
هەروەها لە ئیسانبوڵ نرخی سمیت بە رێژەى 33٪ گران بووە و نرخی یەک دانە سمیت لە 15 لیرەوە گەیشتۆتە 20 لیرەى تورکی.
ئایدنڵک
لەپاش بانگەوازەکەى باخچەلی، پەکەکە 10 مەرجی راگەیاندووە
لەپاش کرانەوەى دەوڵەت باخچەلی بە رووی مەسەلەی کورد و دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان، پەکەکە لە رێگەى دەم پارتییەوە 10 مەرجی بۆ پڕۆسەکە ئاشکرا کردووە.
دەم پارتی لە کۆبونەوەى لەگەڵ شاندی پلاتفۆڕمی ئامەد مەرجەکانی پەکەکەی ئاشکرا کردووە لەوانەش لابردنی یاساکانی روبەڕووبونەوەى تیرۆر. هەڵوەشاندنەوەى یاسای دانانی قەیوم، خوێندن بە زمانی کوردی، بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەکارهێنانی. کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باشوور و رۆژاڤای کوردستان.
جمهورییەت
لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار جەهەپە تەقەی تێکەوێت
مەنسور یەڤاش سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرە و ئەندامی جەهەپە رایگەیاند، هێشتا زۆر زوە بۆ دەستنیشاندکردنی کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆماریی لەکاتێکدا هیچ بەرچاو روونییەک بۆ وادەى هەڵبژاردنی داهاتوو نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی جەهەپە ماوەیەک پێش ئێستا رایگەیاندبوو هەریەک لە مەنسور یەڤاش و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ دەستنیشان دەکرێن وەک کاندیدی سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
کاتەکەی گونجاوە بخزێینەوە یەکێتیی ئەوروپاوە
لەم کاتەدا، کە ترەمپ هەڕەشە لە هەڵگیرساندنی شەڕێکی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دەکات، ستامەر داوا لە برۆکسل دەکات پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپییەکان توندوتۆڵتر بێتەوە.
ئەگەرچی هەنگاوێکی لەوشێوەیە ئەگەری ئەوەی هەیە بەریتانیاش بباتە مەیدانی شەڕە ئابووری و بازرگانییەکەی ترەمپەوە، شەوی رابردوو ستامەر بە ئاماژەیەک باسی لەوەکرد هەوڵی بەردەوام دەدات بۆئەوەی برێکزیت هەڵبوەشێنێتەوە.
لە هەنگاوێکدا، کە پێیدەچێت ئاژاوەیەک فڕێبداتە کەرتی بازرگانیی جیهانییەوە، دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد باجی گومرگیی قورس بسەپێنێت بەسەر یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام گوتی ئەو باجانەی نیازی وایە بیانسەپێنێت بەسەر ئەوروپادا، بەریتانیا نەگرێتەوە.

دەیلی تەلەگراف
یاسای نوێ بۆ مامەڵە لەگەڵ ئیسلام و ئازادیی رادەربڕیندا دادەنرێت
مەبەست لە یاساکانی راینەر ئەوەیە ئەو ترسە لە ئیسلام نەهێڵێت، کە لە کۆمەڵگای بەریتانیدا هەیە. رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف زانیویەتی ئەنجێڵا راینەر جێگری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەنجومەنێکی باڵا دروستدەکات، کە 16 ئەندامی هەبێت، ئەم ئەنجومەنە دەبن بە راوێژکاری حکومەت و رادەسپێردرێن بۆئەوەی جارێکی دیکە پێناسەیەکی نوێ بۆ ئیسلامۆفۆبیا بنوسنەوە، بۆئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بتوانێت ئەو ترسە لەنێو کۆمەڵگای بریتانیدا چارەسەر بکات. دۆمینیک جریف داواکاری گشتیی پێشووی وڵاتەکە راسپێردراوە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە بکات، لەگەڵ چەند وەزیرێکی تری حکومەتەکەدا کاری ئەو ئەنجومەنە راییبکەن.

گاردیەن
ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا رێککەوتوون باجە زیادکراوەکان رابگرن
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کلاودیا شێنباوم لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ماوەی مانگێک سەپاندنی باجە گومرگییەکان بەسەر مەکسیکدا رابگرن، لەگەڵ کەنەداش هەمان رێککەوتن کراوە.
ئەو رێکەوتنە پاش ئەوە دێت، ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی بازرگانیی جیهانی بەهۆی سەپاندنی ئەو باجانەوە دروست بووە.
بەڵام لە ئەمڕۆوە باجە زیادەکان دەسەپێندرێن بەسەر هەر هاوردەیەکی چین.

فاینەنشیەڵ تایمز
ئاژانسی فریاگوزاریی ئەمریکا دەرگای بەڕووی چەندین کارمەندیدا داخست و کۆشکی سپییش دەڵێت دامەزراوەکانی لە پەڕگیرە بێکەڵکەکان خاوێندەکاتەوە
دوێنێ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەرگای چەند بەشێکی سەرەکیی ئاژانسی ئەمریکی بۆ فریاگوزاریی دەرەکی داخران، داوا لە کارمەندەکانیان کرا، لە ماڵی خۆیانەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن، پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ گوتی ئەو دامەزراوەیە لەلایەن کەسانی رادیکاڵی پیس و بێکەڵکەوە بەڕێوەدەبرێت.
هەر دوێنێ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا، خۆی دەبێت بە بەڕێوەبەری گشتیی ئەو دامەزراوەیە کە بۆ پەرەپێدانی دەرەکی دامەزراوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
خەڵکی غەزە ترسی دەستپێکردنەوەى جەنگیان هەیە
بەرپرسێکی باڵاى حەماس بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاند ئامادەن ئاسانکاریی پێویست بکەن بۆ ئەوەى جارێکى دیکە جەنگ بەرۆکی خەڵکی غەزە نەگرێتەوە، ئەم هەڵوێستەیان لە لاوازییەوە نییە، حەماس کارتی زۆرى لەبەردەستدایە، یەکێک لەوانە بارمتەکانى ژێردەستیەتى، و تا کۆتایی ئاگربەستەکە ژمارەیەکیان دەهێڵێتەوە.
لە هەمان کاتدا ئیسرائیل ناوبەناو پێشێلکاریی دەکات و بەرپرسێکى ئیسرائیلیش بەهەمان رۆژنامەى راگەیاندووە هەموو بژاردەکان لەبەدەمیاندا کراوەیە.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنى غەزەى دواى جەنگ بەرپرسەکەى حەماس رایگەیاندووە ئەوەى پێیان بکرێت و گونجاوبێت لەگەڵ قۆناغەکەدا دەیکەن.
بەشێک لە فەرمانبەرانى مەدەنى، سەربازیی و ئەمنی سەر بە حەماس گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان لە غەزە و لەو شوێنانەدا کاردەکەن کە بۆیان دیاریکراوە، لە لایەکی دیکەوە خەڵکی غەزە ترسی ئەوەیان هەیە جارێکی دیکە جەنگ دەستپێبکاتەوە، رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە لە دواى ئاگربەستەوە تا ئێستا نزیکەى یەک ملیۆن کەس گەڕاوەنەتەوە شارەکە.
سەباح
دوو کۆنگرەى جیهانى لەبارەى ئاو لە بەغداد دەبەسترێت
عەون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایگەیاند لە مانگی نیسانى داهاتوودا بەغداد پێشوازیی دەکات لە دوو کۆنگرەى جیهانیى تایبەت بە کێشەکانى ئاو لە عێراق.
کۆنگرەى پێنجەمى ئاو هاوکات لەگەڵ کۆنگرەى 11 ـى ئاودێریی ورد کە رێکخراوى ئاودێریی جیهانی سەرپەرشتى دەکات لە رۆژانی 27 و 28 و 29 ـى نیسان بەڕێوەدەچێت، هەردوو کۆنگرەکەش لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتیوانى دەکرێن.
ئامانج لەو کۆنگرانە بەکارهێنانى ژیریی دەستکردە لە بوارى ئاودێریدا و بەرپرسانى باڵاى عێراق و نوێنەرى بەشێکى زۆر لە وڵاتان بەشداریی تێدا دەکەن.
لەو کۆنگرانەدا باس لەو هۆکارانە دەکرێت کە ئاسانکاریی دەکەن بۆ ئاودێریی لەوانەش کەناری رووبارەکان و پاراستنیان لە خۆڵ و خاشاک و فڕێدانى پاشەڕۆ، پەرەپێدانى جۆگە و هۆکارەکانى دیکەى ئاودێریی.
عەرەب
سوریای نوێ مۆدێلی تورکی یان ئیسلامیی جیهادی دەبێت؟
شرۆڤەکاران باس لەوەدەکەن سوریاى دواى بەشار ئەسەد پێداچوونەوەى کردووە بە پەیوەندییەکانی، تاڕادەیەکى زۆر کەوتووەتەوە سەر سکەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ رۆژئاوا بەتایبەتى لە دواى کەمبوونەوەى هەژموونى روسیا و ئێران، ئەو هەنگاوەش لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیلە لەناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نازانرێت داهاتووى ئەو وڵاتە بەرەوکوێ هەنگاو هەڵدەگرێت.
هێشتا نازانرێت دەبێتە دەوڵەتێکى دیکەى ئیسلامی و تورکیا پشتیوانى دەکات و لەو رێگەیەوە تورکیا هەنگاوێکى دیکە دەچێتە پێشەوە، یان لەبەردەم هەژموون و فشارەکانیدا خۆی دەگرێت و وەک هەر وڵاتێکى دیکەى دراوسێ مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکات و سوریا بەرەو کرانەوە دەبات، یاخود هیچ یەکێک لەوانە دەرناچێت و لەژێر سایەى مانەوەى گروپە ئیسلامییە رادیکاڵەکاندا دەبێتە مۆڵگەى چەکدارە پەرتەوازە ئیسلامییەکان؟ بەڵام پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانى سوریا خوازیارى دەوڵەتێکى دیموکراسی فرەرەنگ و دەنگى سەربەخۆیانن، رۆژنامەکە نوسیویەتى سوریا دوو دراوسێی بەهێزی وەک ئیسرائیل و تورکیاى هەیەو هێشتا نازانرێت لە بەرژەوەندی کامیان هەڵدەسوڕێت.
عەرەبی جەدید
ئەحمەد شەرع دەچێتە ئەنقەرە و لەگەڵ ئەردۆغان باسى کورد دەکەن
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع سەردانى تورکیا بکات و لەبارەى دواگۆڕانکارییەکانى ناوچەکەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابوردوودا سەردانى عەرەبستانى سعودییەى کرد بڕیارە لە سەر داواى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانى ئەنقەرەش بکات و پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات تاووتوێ بکەن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە یەکێک لەو بابەتانەى قسەى لەبارەوە دەکرێت کێشەى کوردە لە سوریا و رۆژنامە تورکییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە جگە لە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات مەترسییە هاوبەشەکانیش تاووتوێ دەکەن، هەروەها باس لە هاوکاریی و پشتیوانییەکانى تورکیاش دەکرێت بۆ سوریاى نوێ، شرۆڤەکارێکى تورکیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە بابەتى سەرەکیی هێزەکانى سوریاى دیموکرات و چۆنیەتى چارەسەرکردنی ئەو بابەتەیە کە تورکیا بە مەترسی گەورەیان دادەنێت لە سەر سنوورەکانى وڵاتەکەى و گەڕانەوەى ئاوارە سورییەکانە بەشێوەیەک کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا پلانێکى هاوبەشى بۆ دابنرێت.