زووم..
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، هەنگاوەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێکردووە.
وەزیری نەوت قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی کردووە و گوتوویەتی، لەگەڵ حکومەتی تورکیا رێکارەکانیان بۆ ئامادەکردنی هێڵی نەوتی عێراق-تورکیا گرتووەتەبەر بەمەبەستی هەناردەکردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.
دەشڵێت، رۆژانە لانیکەم ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگیرێت و لەڕێی هێڵی نەوتی عێراق-تورکیاوە هەناردە دەکرێت.
لەبارەی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستانیشەوە، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، ئەو بابەتە بە رێککەوتنی هەولێر و بەغداد چارەسەر دەکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەمواری یاسای بودجە کرد کە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.