زووم..
قوربانیانی تەقینەوەیەکەی بەیانی ئەمڕۆی مەنبج گەیشتە 18 کوژراو و 15 بریندار کە زۆرینەکان ژنن.
روانگەى سوریا بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە مەنبج لانیکەم 18 کەس کوژران و 15 کەسی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەى روانگەکە، تەقینەوەکە لە ناوەندی شارەکە رویداوە و قوربانییەکان مەدەنیین و زۆرینەیان ژنن.
هەسەدەش لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی تەقینەوەکەی کردووە و دەڵێت، تەقینەوە و تیرۆر و ترس و تۆقاندن بەشێکی بنەڕەتین لە رەفتاری گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو جۆرە کردەوانە بۆ رێگریکردنە لە ناڕەزایی هاووڵاتیانی مەنبج دژی تاوانەکانی دزی و رفاندن و دەستدرێژی چەکدارانی ئەو گرووپانە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە دیمەشق ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە ئاشکرا بکەن.
دەشڵێت، هەندێک لایەن بۆ شاردنەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە، راستەوخۆ و بەبێ بوونی بەڵگە پەنجەی تۆمەت بۆ شەڕڤانانی هەسەدە درێژ دەکەن.