زووم..
لە سلێمانى خۆپیشاندانى فراوانى مامۆستایان و سەرجەم چین و تویژەکان بەڕێوەدەچێت، تێیدا پشتیوانى لە مامۆستایانی مانگرتوو دەکرێت و داوا دەکەن گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت.
مامۆستایان لە شەقامی مەلیک مەحمودەوە بە پێ چوونە لاى مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانى، داوایان کرد مووچەکانیان تەوتین بکرێت و هەموو مانگێک لە کاتى خۆیدا مافەکانیان پێ بدرێت و پلەبەرزکردنەوە دەست پێبکاتەوە.
خۆپیشاندەران چەندین دروشمی جیاوازیان لەدژی دەسەڵات گوتەوە و بەشێکیشیان دروشمی تووند بوو بەرامبەر بەرپرسان.
هاوکات دژى دواکەوتنى مووچە و وەک پشتیوانیەکیش بۆ مانگرتووانی سلێمانى، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەڵەبجە و گەرمیان گردبوونەوە و مامۆستایانى گەرمیانیش بە پێ بەرەو سلێمانى بەڕێکەوتن بۆ لای مانگرتووان.
ماوەی حەوت رۆژە 12 فەرمانبەر و مامۆستا لە بەردەم ئۆفیسی یو ئێن لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆش جیاواز لە رۆژانی رابردوو بەرگی کفنیان پۆشی و یەکێک لە مانگرتووەکان بە زوومی گوت: ئەم بەرگە بۆ ئەوەیە لەپێناوی ئەوەی ژیانێکی شایستە بژین و گیانی خۆمان بۆ خەڵک فیدا دەکەین.