زووم..
تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان مانگی رابردوو لەکۆی 48 خۆپیشاندان، نارەزایەتی و گردبوونەوە دوو خۆپیشاندایان بە هێز بڵاوەیان پێکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆرترین نارەزایەتی، خۆپیشاندان، گردبوونەوە و بایکۆت لە پارێزگای سلێمانی بووە کە ژمارەکە 19 جارە و کەمترینیش لە دهۆک بوو کە تەنها یەک جارە.
لە هەولێریش 12 گردبوونەوە و ناڕەزایەتی، ئیدارەی گەرمیان حەوت، ئیدارەی راپەڕین پێنج و هەڵەبجە چوار خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدراون.
تۆڕی 19 دەڵێت، لەکۆی هەموو ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانە، جارێک گازی فرمێسکرێژ بەکارهێنراوە و دوو جاریش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کراوە، 15 کەسیش دەستگیرکراون.
لەبارەی بابەتی ناڕەزایەتییەکان، تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەڵێت، 12 دانەیان بۆ مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بووە، 11 جاریش خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ خزمەتگوزاری کراوە. بابەتەکانی دیکەش بەمشێوەیەن: دامەزراندن چوار دانە، هاتوچۆ و رێگاوبانەکان چوار دانە، مافی رۆژنامەنووسان دوو دانە، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان یەک دانە و مافی ژنان و منداڵان یەک دانە، بابەتی دیکەش 13 دانە بووە.
جۆری نارەزایەتییەکانیش ئاماژەی بۆ کراوە و تۆڕی 19 ئاشکرایکردووە، 38 دانەیان گردبوونەوە و نارەزایەتی بوون، 5 دانەیان خۆپیشاندان و داخستنی شەقام بووە و سێ دانەشیان هەڵدانی خێمە و مانگرتن بووە، بایکۆتیش دوو جار روویداوە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە نیسانی 2024 دامەزراوە و وەک خۆی دەڵێت، ئامانج لە دەمزراندنی تۆڕەکە “چاودێری و بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئازادی ڕادەربڕینە، ناوی تۆڕەكە لە بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرڤەوە، وەرگیراوە.”