زووم..
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا پشکی کەرتی کشتوکاڵ لە ئێران بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانەوە، دابەزیوە و زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار جووتیار وازیان لە کشتوکاڵکردن هێناوە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی مەردووم سالاری، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کشتوکاڵ بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و داهات و لە ئەنجامدا پاڵنەرەکانی بۆ ئەوانەی لەم کەرتەدا کاردەکەن کەمکردووەتەوە.
ساڵی 2005 زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس لە بواری کشتوکاڵدا کاریان دەکرد، بەڵام ئەم ژمارەیە ئێستا بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار کەس کەمیکردووە.
پشکی دامەزراندنی کەرتی کشتوکاڵ ئەو کاتە 27% بووە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 13% و رەوتی دابەزین و کەمبوونەوە لە کەرتی کشتوکاڵ بەردەوامە و زۆرێک لە جووتیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روویان لە کەرتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری کردووە.