زووم..
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 833 خێزان لە کامپی هۆل لە رۆژئاڤاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ کامپی جەدعە و بنکەکانی چارەسەری دەروونی و تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگا لە موسڵ.
کەریم نوری، بریکاری ئیداری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لە ساڵی رابردووەوە وەزارەتەکەیان ئاسانکارییان بۆ گواستنەوەی 18 بەش لە خێزانەکانی کامپی هۆل کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، وردبینی چڕی ئەمنی بۆ ناسنامە و بەڵگەنامەی ئەم خێزانانەی کامپی هۆل کراوە کە گواستراونەتەوە بۆ کامپی جەدعە، دەرکەوتووە هیچ پەیوەندییەکانیان بە دۆسیەی تیرۆرەوە نەبووە.
کەریم نوری دەڵێت، ئەم خێزانانەی کامپی هۆل دەبرێنە بنکەی هیوا تاوەکو جارێکی دیکە شیاندنیان بۆ بکرێت بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا، بۆ ئەم مەبەستەش 18 رێکخراوی نێودەوڵەتی و راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کار بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بنکەیە دەکەن.