زووم..
گوتەبێژى دەستەى گشتى ئاودێریی و سەرچاوەئاوییەکانى عێراق دەڵێت، تورکیا دەیەوێت لە بەرامبەر دژایەتى گەریلاکانی پارتى کرێکارانى کوردستان ئاوی دیجلە و فورات بۆ عێراق بەربداتەوە.
بەگوێرەى رۆژنامەى عەرەبی چاپی لەندەنى، خالید شیمال گوتویەتى، رەجەب تەیب ئەردۆغان نەرمی نواندووە بۆ بەردانەوەى ئاوەکانی دیجلە و فورات بەرامبەر دژایەتیکردنى پەکەکە و سەپاندنى ئەجێندا سیاسییەکانى لە ناوچەکە.
شیمال دەڵێت، گفتوگۆکانى نێوان عێراق و سوریا و تورکیا لە بارەى کێشەى ئاوى فوراتەوە چەند ساڵێکە درێژەى هەیە، چەندین پرۆتۆکۆل لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەتایبەتى لەنێوان عێراق و سوریا کە دەبێت ئاوى فورات دادپەروەرانە دابەش بکرێت.
بەگوێرەى راپۆرتى ئەو فەرمانگەیە لە ئێستادا رێژەى گەیشتنى ئاو بە خاکی عێراق 400 مەترسێجایە لە چرکەیەکدا و ئەو رێژەیەش تا رادەیەک رووبارەکانى عێراق دەبوژێنێتەوە.
لەم دواییانەشدا حکومەتى عێراق پەکەکەى وەک جوڵانەوەیەکی نایاسایی ناوهێناوە و ئەوەش بووەتە هۆی باشترکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات، رۆژنامەکە نوسیویەتى تورکیا هۆکارى سەرەکی کەمیى ئاوە لە عێراق و هەر ئەویش دەتوانێت چارەسەرى بکات.