زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، دەیانەوێت دەوڵەتی داهاتووی سوریا دەوڵەتێکی مەدەنی و سیکۆلار بێت، دەشڵێت، ئامادەن ببن بە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سوریا و چاوەڕێی وەڵامی دیمەشقن.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی باسی لەوەکردوە، هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سوریا و لە کۆنگرەی دیمەشقدا نەبوون، گوتیشی کە بەم زووانە چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوتووە.
لەبارەی شێوازی حوکمرانی داهاتووی سوریا، فەرماندە کوردەکە دەڵێت، ئەوان خواستیان نییە لە ئیدارەی خۆسەر حکومەتی سەربەخۆ و پەرلەمان دابمەزرێنن، بەڵکو ئەوان لەگەڵ حکومەتێکی مەدەنی لامەرکەزیدان کە شارەکان خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن.
دیدگای ئێمە بۆ سوریا وڵاتێکی لامەرکەزی، سیکۆلار و مەدەنییە
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت، “دیدگای ئێمە بۆ سوریا وڵاتێکی لامەرکەزی، سیکۆلار و مەدەنییە پشتئەستووربێت بە دیموکراسی کە بتوانێت مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان بپارێزێت.”
مەزڵوم عەبدی باسیشی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێت، “ئێمە نامانەوێت وەک هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بین و لە سوریا جیاببینەوە و حکومەتێکی سەربەخۆمان هەبێت، چونکە سوریا عێراق نییە.”
پێشنیازێکمان داوەتە دیمەشق و چاوەڕێی وەڵامین
لەبارەی چارەنووسی هەدەسەش گوتی، دەیانەوێت ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی و ستراتیژی بەرگریی سوریا و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازێکیان داوەتە دیمەشق و چاوەڕێی وەڵامن.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا بەگوتەی عەبدی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بەردەوامە.
گوتیشی، ئەوان دەیانەوێت لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بمێننەوە، چونکە بەکشانەوەیان گرووپەکانی داعش سود مەند دەبن.