زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
50 هونەرمەند لە تورکیا خۆیان لە باجدان بە دەوڵەت دەدزنەوە
لە تورکیا نزیکەى 150 هونەرمەند ساڵانە زۆرترین داهاتیان هەیە، بە ئەندازەى ئەوەى هەندێکیان داهاتی ساڵانەیان 100 ملیۆن لیرەیە.
بەگوێرەى راپۆرتێکی وەزارەتی دارایی و گەنجینە 150 هونەرمەند لە تورکیا خۆیان لە باجدان دەدزنەوە و داهاتی خۆیان کەمتر نیشانداوە.
حکومەت پێیوایە ژمارەی ئەو هونەرمەندانەى داهاتی ساڵانەیان زۆرە و باج کەمدەدەن لەو رێژەیە زیاتر بن.
قەرار
ئۆپۆزسیۆن بە 222 ساڵی دیکە ناتوانێت دەسەڵات بگرێتەدەست
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پارتەکەیان رێژەى 50٪ـی دەنگەکانی بۆ خۆی بەدەستدەهێنێتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
بەگوتەی ئەردۆغان، ئۆپۆزسیۆن داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات و ئەوە گەمەیەکی سیاسییە ئێمە پێشوازی لەو داوایە ناکەین. ئەردۆغان راشیگەیاند، ئۆپۆزسیۆن 22 ساڵە دەیەوێت دەسەڵات لە ئێمە وەربگرێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە ئەگەر بەم بیرکردنەوەى ئێستاوە سیاسەت بکات ئەوا بە 222 ساڵی دیکە ناتوانن دەسەڵات بگرنەدەست.
ئەکشام
لە پاش ئیستانبوڵ دەیان هۆتێل لە موغڵە داخران
لەپاش رووداوی ئاگرەکەی هۆتێل بۆڵو و گیانلەدەستدانی نزیکەى 80 کەس، لە ئیستەنبوڵ سەدان هۆتێل بەهۆی کەموکورتی و نەبونی سەلامەتییەوە داخران. وەزارەتی کلتور و گوشتوگوزار بەردەوامە لە ناردنی لیژنەکانی بۆ پشکنینی هۆتێل.
لەنوێرترین رێکاری وەزارەتەکە 95 هۆتێلی گەشتیاری لە پارێزگای موغلەى تورکیا داخران.
لیژنەکان سەردانی 503 هۆتێلیان لە پارێزگاکە کردووە تاکوو پشکینین بۆ مەرجی سەلامەتی بکەن.

میللییەت
لە 18 پارێزگا بەفرێکی زۆر دەبارێت
بەهۆی کاریگەریی کەشوهەوا ساردەکەی سیبریاوە چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی سەرما و بەفر روو لە 18 پارێزگا بکات.
کەشناسی تورکیا رایگەیاندووە، بەفرێکی زۆر لە ئیستانبوڵ دەبارێت و لەو 18 پارێزگایەش پلەکانی گەرما لە نێوان 10 بۆ 12 پلە دادەبەزێت.
کەشناسی تورکیا سەرەڕای هۆشداری بە هاوڵاتیان پێشبینی کردووە لەو پارێزگایانە ئاستی بەفر بارین لەنێوان 2-10 سانتیمەتر بێت،
لەوانەش ئیستانبوڵ، بۆڵو، ئەنقەرە، کوتاهیا، چۆڕم و چەند شارێکی دیکە بەفرێکی زۆر دەبارێت.
رۆژنامە فارسییەکان
پێشڕەو
ناتانیاهۆ لە واشنتن؛ ئێران بابەتی سەرەکیی دانوستانەکانە
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە لە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا کۆببێتەوە.
یەحیل لایتر باڵوێزی نوێی ئیسرائیل لە ئەمریکا رایگەیاند، کە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئێران گرینگترین تەوەری دانوستانەکان دەبێت.
لایتر جەختیشی لەوە کردەوە، کە سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ واشنتن دەرفەتێک دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی ئەمریکا.
ئەم دیدارە جێگەی بایەخە چونکە نەتانیاهۆ یەکەم کەسایەتی سیاسی بیانیە کە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئەمریکا کۆببێتەوە.

مەردوم سالاری
یەک ملیۆن و 500 هەزار جووتیار وازیان لە کشتوکاڵ هێناوە
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا پشکی کەرتی کشتوکاڵ لە دامەزراندنی ئێران بە هۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانەوە دابەزیوە و زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەسیش ئەو کەرتەیان جێهێشتووە.
کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کشتوکاڵ بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و داهات و لە ئەنجامدا پاڵنەرەکانی بۆ ئەوانەی لەم کەرتەدا کاردەکەن کەمکردووەتەوە.
ساڵی 2005 زیاتر لە 5 ملیۆن کەس لە بواری کشتوکاڵدا چالاک بوون بەڵام ئەم ژمارەیە ئێستا بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار کەس کەمیکردووە.
پشکی دامەزراندنی کەرتی کشتوکاڵ ئەو کاتە 27٪ بووە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 13٪ رەوتی دابەزینی دامەزراندن لەم کەرتەدا بەردەوامە و زۆرێک لە جووتیاران کۆچیان کردووە بۆ کەرتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری.

ئارمانی ئیمروز
بەهۆی کێشەی ئابووری، خەڵک مۆبایلی دەستی دوو دەکڕن
دابەزینی هاوردەی مۆبایل لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی دۆلار و نەهێشتنی پشکی دراوی حکومەتی بووەتە هۆی گرانبوونی مۆبایل و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن پێی لەلایەن خەڵکەوە.
محەمەد یونسی، ئەندامی یەکێتی فرۆشیارانی مۆبایل بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای راگەیاند، ئەو مەرجانە وایکردووە خەڵک روو لە کڕینی مۆبایلی قاچاخ و دەستی دوو بکەن، ئەمەش کێشەی وەک کەمبوونەوەی کوالیتی و مەترسییەکانی ئەمنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هەروەها ساردوسڕی لە بازاڕی مۆبایلدا، فرۆشیارانیشی تووشی قەیرانی جددی کردووە؛ بەرزی کرێی خانوو و کەمبوونەوەی کڕیاران بووەتە هۆی داخستنی زۆرێک لە دوکانەکان.
ئاگاە
چاولێکەریی ئەمجارە لە ئێران بەرۆکی گۆڕستانەکانی گرتووەتەوە
دیاردەی کڕینی بەردی گۆڕ بە قیست لە ئێران نیشانەی گرنگ بوونی شتەمادییەکان و چاولێکەریی خەڵکە لەو کۆمەڵگایەدا.
لە رابردوودا بەردی گۆڕ زیاتر وەک هێمای رێزگرتن لە مردوو سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی فشارە کۆمەڵایەتییەکان و کێبڕکێ، زۆرێک لە خێزانەکان بەتایبەتی لەنێو چینی ناوەڕاست و کەمداهاتەکان، پێیان باشترە بەردی گۆڕی گرانبەها بکڕن بۆ ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان نیشان بدەن.
تەنانەت هەندێکیان بەهۆی کێشەی داراییەوە روو لە بژاردەی قیست دەکەن بۆ ئەوەی خەرجییەکانی مردووەکانیان بدەن.
ئەم رەوتە بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی ئابووری، فشارێکی دەروونی لەسەر خێزانەکان دروست کردووە.
کۆمەڵناسان پێیانوایە، کە باوبوونی شتە گرانبەهاکان لەم بوارەدا زیاتر بەهۆی کێبڕکێی کۆمەڵایەتییە نەک پێویستییەکی کولتووری یان ئایینی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
یەکێتیی ئەورپا هۆشداری دەدات بە ترەمپ و دەڵێت ئێمە ملکەچ ناکەین
رەنگە هەوڵەکانی ستامەر بۆ نزیکبوونەوە لە ئەوروپا، کێشە بۆئەو گرێبەستانە دروستبکات، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکادا هەیەتی.
یەکێتیی ئەوروپا هۆشدارییدا بە دۆناڵد ترەمپ کە ئامادەن کاردانەوەی خۆیان هەبێت بەرامبەر بە ئەو باجە گومرگییانەی، کە ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت لەکایەی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا بیانسەپێنێت و شەڕیان پێبکات.
سەرکردەکانی ئەوروپا بە ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیاشەوە گوتیان کە ئەوروپاش بواری جموجوڵ و چالاکیی وای هەیە خۆی کاری تێدابکات. ئەم گوتنە وەڵامێک بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا، کە گوتی ئەوروپاشی خستۆتە ریزەکەوە بۆئەوەی باجیان لەسەر زیادبکات.
تایمز
گوماندەبرێت چەند کەسێکی روسی توانیبێتیان بچنە ناو ئیمەیڵە تایبەتەکانی ستامەرەوە
ئاژانسێکی خزمەتگوزاریی ئەمنیی بەریتانی پێیوایە، چەند هاکەرێکی روسی توانیبێتیان بچنە ناو ئیمەیڵی تایبەتیی ستامەرەوە، بۆیە سەرۆکوەزیران ناچاربووە واز لەو ئیمەیڵەی بهێنێت و کاری پێنەکات.
ئەودەمەی کە ستامەر وەک سەرکردەی یەکەمی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن نەگەشتبوو بە پۆستی سەرۆکوەزیران، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکەوە ئاگادارکراوەتەوە، کە بە ئەگەری زۆرەوە چەند هاکەرێکی روسیی سەر بە کرەملین توانیویانە بچنە ناو ئیمەیڵە تایبەتییەکەیەوە، تێبینییەکیشیان بۆ بەجێهێشتووە. جیل کاتبەرتن بەرپرسی نوسینگە تایبەتەکەی ستامەر ئەو تێبینییەی بینیبوو، بەڵام کەسی ئاگادار نەکردۆتەوە، کە ئیتر لەڕێگەی ئەو ئیمەیلەوە نامە لەگەڵ ستامەردا ئاڵوگۆڕ نەکەن.
گاردیەن
ترەمپ خەریەکە شەڕ لە بازاڕە بازرگانییەکان بەرپا دەکات
پلانەکەی ترەمپ بۆ زیادکردنی باج لەسەر دراوسێ و دۆستەکانی ئەمریکا لە دوێنێوە هۆشدارییەکی دروستکردووە، کە شەڕێک لە کایەی بازرگانیی جیهانیدا بەرپا دەکات.
دیموکراتەکانی ئەمریکاش دەڵێن، ئەگەر وڵاتە بەرکەوتووەکان وەڵامدانەوەیان هەبێت، ئەوا وەڵامەکانی ئەوان کاریگەریی قورس دەخەنە سەر ژیانی خێزانە کرێکارەکانی ئەمریکا.
شەوی شەممە ترەمپ سێ بڕیاری سەرۆکایەتیی واژۆکردوە، کە باجی سەر کاڵاڕۆشتووەکانی کەنەدا و مەکسیک بەرزدەکاتەوەبۆ 25٪ و باجی سەر چینیش دەکات بە 10٪.
فاینەنشیەڵ تایمز
یەکێتیی ئەوروپا دەرگا بۆ بەریتانیا و نەرویج دەکاتەوە
حکومەتەکانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا چەند رێگا و شێوازێک تاقیدەکەنەوە بۆئەوەی بتوانن نەرویج و بەریتانیا ببەنە ناو هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە، کە بە هاوپەیمانێتیی خۆویستانە ناسراوە.
یەکێتییەکە بوونی ئەم هاوپەیمانێتییە لەوکاتەدا بە پێویست دەزانێت کە ژمارەی ئەو پایتەختانە زۆربوون، کە بوون بە دۆستی روسیا.
بڕیارە ئەمڕۆ لە بروکسێل ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و مارک روتەی سکرتێری گشتیی ناتۆ چاویان بە یەکتری بکەوێت و تاوتوێی ئەوەبکەن، کە چۆن بتوانن بودجەی پێویست بۆ پڕچەککردنی خۆیان تەرخان بکەن، پەیدابوونی ئەم جموجوڵانە لە کاتێکدایە، کە پەستانێکی زۆر لەسەر ئەو کیشوەرە دروستبووە، کە لەئاستی پاراستنی ئاسایشی خۆیدا هەست بە بەرپرسیارێتییەکی زیاتر بکات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تەندروستى یەمەن لە مەترسیدایە و لەدایکبوونى نیوەى منداڵان نەگونجاوە
سندوقى چاودێریی دانیشتوانى نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، قەیرانێکى مرۆیی گەورە لە یەمەن بەڕێوەدەچێت، نیوەى ئەو منداڵانەى کە رۆژانە لەدایکدەبن بەشێوەیەکی گونجاو و لە شوێنە تەندروستەکاندا نین و تەنها 45% ی ئەو ژنانەى منداڵیان دەبێت دەتوانن سەردانى پزیشک بکەن، سەرەڕای ئەوەى هاوسەرگیریی منداڵان بەشێوەیەکى چاوەڕاون نەکراو زیادیکردووە، زیاترلە نیو ملیۆن کەسیش بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەش و هەواوە کۆچیان کردووە، نەخۆشى کۆلێرا بڵاوبووەتەوە، بەهۆی کێشەى چەکدارە حوسییەکانەوە ناتوانرێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنرێتە بەشێک زۆر لەوانەى کە پێویستیان هەیە.
سەباح
کەسوکارى سەدان داعشی کەمپی هۆڵ دەگوازرێنەوە بۆ کەمپى جەدعە لە موسڵ
کەریم نوری بریکارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، لە ساڵی رابوردوەوە تا ئێستا 18کاروان لە کەس و کارى داعشەکانى نێو کەمپى هۆلی سوریایان گواستووەتەوە بۆ کەمپى جەدعە لە پارێزگای موسڵ کە 2833 خێزان لەخۆدەگرێت و ژمارەیان زیاترە لە 11 هەزار کەس بووە.
بەگوێرەى گوتەى بیرکارى وەزیر ئاماجیان ئاسایی کردنەوەى بارودۆخی دەرونى و تێگەیشتنیانە و تێکەڵکردنەوەیانە بە کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەشدار گوتوشیەتى کەمپى هۆل یەکێکە لەو شوێنە مەترسییانەى هەڕەشەیە لەسەر عێراق، ناوچەکە و بگرە جیهانیش. رونیشیکردووەتەوە هەژدە رێکخراوى جۆراوجۆری پسپۆڕ کاریان لەسەردەکەن کە راوێژکارانى ئاسایشى نیشتمانى و وەزارەتە جۆراوجۆرەکان سەرپەرشتییان دەکەن و کەمپى جەدعە ئاراستەدەکەن.

عەرەب
تورکیا لەبەرامبەر دژایەتى پەکەکە ئاوى دیجلە و فورات بەردەداتەوە
خالید شیمال گوتەبێژى دەستەى گشتى ئاودێریی و سەرچاوەئاوییەکانى عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانى نێوان عێراق و سوریا و تورکیا لە بارەى کێشەى ئاوى فوراتەوە چەند ساڵێکە درێژەى هەیە.
چەندین پرۆتۆکۆل لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەتایبەتى لەنێوان عێراق و سوریا کە دەبێت ئاوى فورات دادپەروەرانە دابەش بکرێت، بەگوێرەى راپۆرتى ئەو فەرمانگەیە لە ئێستادا رێژەى گەیشتنى ئاو بە خاکی عێراق 400 مەترسێجایە لە چرکەیەکدا و ئەو رێژەیەش تا رادەیەک روبارەکانى عێراق دەبوژێنێتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە بەردانەوەى ئاوى روبارەکانى دیجلەو فورات لە بەرامبەر هەڵوێستى حکومەتى عێراق و سوریا دایە لە بەرامبەر پارتی کرێکارانى کوردستان و لەم دواییانەشدا حکومەتى عێراق پەکەکەى وەک حزبێکى نایاسایی ناوهێناوە و ئەوەش بووەتە هۆی باشترکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات.

مەدا
راگرتنی هاوکارییەکانى ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێشمەرگە ناگرێتەوە
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەى کوردستان رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەو هاوکارییانە ناگرێتەوە کە دەدرێت بە پێشمەرگە.
دەشڵێت، هاوکارییەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان تەنها لە لایەن ئەمریکاوە نییە، بەڵکو هاوکاریی هاوپەیمانەکانى دژ بەداعشە کە خۆی لە پێدانى چەک و تەقەمەنى و 30 ملیۆن دۆلاری مانگانەدا دەبینێتەوە.