زووم..
دوا چەندین جار لە دواخستنی، کەمێک پێش ئێستا پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد.
بەگوێرەی هەموارەکە، راستەوخۆ دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، پڕۆسەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێدەکات، لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت، بۆ ماوەی 60 رۆژ، 16 دۆلار قەرەبووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
دەبێت لەماوەی ئەو 60 رۆژەدا، لەلایەن دەزگایەکی راوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتییەوە خەمڵاندن بۆ تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەى نرخى کۆتایی بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک نەوتى هەرێم دیارى بکرێت.
پەسەندکردنی هەموارەکە دوای کۆبوونەوەیەکی لایەنەکان دێت لە ماڵی سودانی، کە داوایلێکردن یاساکە وەک خۆی پەسەند بکەن، سەرجەم لایەنەکانیش رەزامەندییان دەربڕی.
نزیکەى دوو ساڵە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان راگیراوە، بەڵام پەسەندکردنی ئەم یاسایە رێگە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان واڵا دەکات.