زووم..
گوڵستان کڵچ سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورکیا لە چوارپارچەی کوردستان بەردەوامە، ئامانجی ئەوەیە لە باکوور، لە باشوور، لە رۆژهەڵات و رۆژاڤای کوردستان ئیرادەی کورد پەکبخات.
گوڵستان کڵچ لەمیانەى پێشکەشکردنی گوتارێک لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان رایگەیاند، تەواوی ئەو شاندانەی حکومەتى تورکیا کە سەردانی دیمەشقیان کردووە تاکە داواکارییان لە ئیدارەی نوێی سوریا رێگریی بووە لە گەیشتنی کورد بە ماف و قەوارەی خۆی.
لە درێژەى گوتەکانیدا گوتی، دەسەڵاتی ئاک پارتی و مەهەپە هەموو ئامانجێکیان ئەوەیە رێگری لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکەن لەئێستاشدا هەموو دژایەتییەکی خۆیان بۆ رۆژاڤای کوردستان بە ئیدارەی نوێی سوریا راگەیاندووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتیشی وەک دەم پارتی پشتیوانیمان لە دەستپێکردنەوەى دیدارەکان و ئاشتەوایی و برایەتی کورد و تورک کردووە بەڵام دەسەڵات تەنها زارەکی گفتی داوە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە، تەنها دەیانەوێت رایگشتیی سەرقاڵ بکەن.