زووم..
نوری مالیکی، سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا، هۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوەى رەوشی ئاڵۆزى سوریا لە عێراق و زیندووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانى داعش.
مالیکی باسی لە سەرهەڵدانەوە و مەترسی و چالاکییەکانى رێکخراوی داعشی کردووە، پێیوایە ئەوەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت پشێوی و ئاژاوەیەکی گەورەیە، ئەگەر عێراق نەکەوێتە خۆی ئەوا بەرۆکی دەگرێت، هەربۆیە نابێت بهێڵن دۆخی سوریا لە عێراق دووبارەببێتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەشڵێ، بۆ ئازادکردنی کۆمەڵێک لە تیرۆرستان، فشار دەکرێت بۆ ئەوەى یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵبوەشێننەوە، دەوڵەتی یاسا بە هیچ شێوەیەک رێگا بە کارێکی لەو جۆرە نادات.
مالیکی هۆشداری دەدات و دەڵێ، دەبێت زۆر چاوکراوە بن لە پاشماوەکانی داعش و حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، چونکە هەر دەرفەتێکیان بۆ دروست ببێت، دووبەرەکى و ئاژاوە دەخەنە نێو عێراقییەکانەوە.