دواجار یانەی نەورۆز مانەوەی کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ناسراو بە مارادۆنای راگەیاند و دوو یاریزانی نوێشی گواستەوە ریزەکانییەوە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە یانەی نەورۆز ئاشکرایکرد، مارادۆنا پەیوەندى بە یانەى تەڵەبەوە دەکات و نەورۆزیش لەگەڵ هێرشبەرێکى دیکەدا گەیشتووەتە رێککەوتن.
قەحتان جەسیر راهێنەرى یانەکە داواى یاریزانێکى دیکەى بۆ شوێنى مارادۆنا کردبوو، بەڵام هەموو شتێک گۆڕا و بە فەرمی مارادۆنا لە نەورۆز مایەوە.
لەلایەکى دیکەوە، یانەی نەورۆز لەسەر داوای قەحتان جەسیری راهێنەر دوو گرێبەستی دیکەی لەگەڵ هەریەک لە حسێن مەنزور و عەلی ساڵح کاپتنی یانەی کەربەلا بۆ یارییەکانی جام و خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند.
هاوکات دەستەی کارگێڕی یانەکە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەى لە گواستنەوەى یاریزانان بەردەوام دەبێت و لەگەڵ ندیفریکى ئیفیۆنگ یودۆى هێرشبەرى یانەى ریڤەرز یونایتدى نایجیرى گەیشتووەتە ڕێککەوتن و تەنیا ئەوە ماوە یانەکەى دەستبەردارى بێت.