زووم..
ئاژانسى ئەسۆشییەیتد پرێسی ئەمریکی، لە زاری چەند بەرپرسێکى عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە، دواى رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد لە سوریا، ترسی سەرهەڵدانەوەى داعش لە عێراق هاتووەتەوە ئارا، بەرپرسانى عێراقییش بۆچوونیان گۆڕاوە سەبارەت بە پاشەکشەى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.
بەگوێرەى نەخشەیەک دەبوو لە مانگی ئەیلولى ئەمساڵدا، هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بکشێنەوە، بەگوێرەی ئاژانسەکە پێناچێت ئیدارەى نوێی کۆشکى سپی بکشێتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بە رووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا کەمیکردووە و خەریکە دەست لەو گرووپانەش بەردەدات لە عێراقدا پێشتر پشتیوانى دەکردن.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى عێراق بەبێ ناوهێنان بە ئاژانسەکەى گوتووە، چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعەکان پێیان باشە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە، یەکێکى دیکە لە بەرپرسە باڵاکان رایگەیاندووە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە لەم قۆناغەدا ئەمریکا بکشێتەوە، چونکە بۆشایی ئەمنیی گەورە دروست دەبێت و داعش دەیقۆزێتەوە و بەهێزدەبێتەوە، بۆیە بەدوور نازانرێت پێش هاتنى مانگی ئەیلول داوایان لێبکرێت بۆ ماوەیەکى دیکە لە عێراق بمێننەوە.