رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران ژێرزەمینێکى پڕ لە موشەکى دژە کەشتى خۆی ئاشکرا دەکات
هێزە دەریاوانییەکانى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران پەردەى لەسەر شارێکى پڕ لە موشەکى دژە کەشتی لە ژێرزەویدا لادا کە دەکەوێتە کەنارەکانى باشوورى وڵاتەکەى بە بێ ئەوەى ناوى شوێن و پێگە جوگرافییەکەى ئاشکرا بکات، بەگوێرەى راپۆرتى میدیا فەرمییەکانى ئێران ئەو شارە سەرجەم پێداویستییەکانى موشەکى تێدایە، حسێن سەلامی سەرکردەى سوپاى پاسداران رایگەیاند موشەکەکان ئامادەى بەکارهێنانن، نوێترین تەکنۆلۆجیاى سەردەمیانەیان تێدا بەکارهێنراوە و لەبارن بۆ جەنگی ئەلیکترۆنی، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە 19ـى مانگی رابوردوش ئێران پێگەیەکى دیکەى سەربازیی خۆی لەژێر زەویدا ئاشکرا کردووە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانیش رایگەیاندووە ئەوەى کە نیشاندراوە بەشێکى بچووکی پرۆژە ستراتیژییەکانى ژێر زەویی ئێرانە.

سەباح
یەکەمەکانى کورستان لە سەر میلاکی حکومەتى ناوەندیی دادەمەزرێن
سەعد لامی گوتەبێژی ئەنجوومەنى راژەى گشتى ئیتیحادی رایگەیاند لەگەڵ ئەنجومەنى راژەى هەرێمى کوردستان کۆبوونەتەوەو زانیاریی دەرچووانى زانکۆکانیان لێوەرگرتوون بۆ ئەوەى لەسەر میلاکی ناوەند لەکەرتى گشتیدا دایانبمەزرێنن، بەگوێرەى گوەتەکانى لامی لەسەردانى ئەم دواییەى مەحمود تەمیمى سەرۆکی ئەنجومەنی راژەى ئیتیحادیدا بۆ هەرێمی کوردستان نەخشەرێگەى دامەزراندنى یەکەمەکانى کوردستان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی هەرێمى کوردستانیان تاووتوێکردووە بۆ ئەوەى وەک هاوڕێکانى دیکەیان لەناوەند دابمەزرێن، لامی رایگەیاندووە ناوى هەموو یەکەمەکانیان بە وردەکارییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و خستونیانەتە نێو خشتەى دامەزراندنی ناوەند، راشیگەیاندووە جگە لە یەکەمەکان و بڕوانامە باڵاکان بەشە پزیکشییەکانیش بەگوێرەى پێویستى شوێنەکان دەیانگرێتەوە راشیگەیاندووە جگە لە پێویستى شوێنەکان مەرجی شارەزایی و تواناى کەسى و زمان لە مەرجە سەرەکییەکانى دامەزراندنەکەن.
مەدا
ترس لە سەرهەڵدانەوەى داعش هەیە و ئەمریکاش ئەمساڵ لە عێراق ناکشێتەوە
ئاژانسى ئاسۆشەیتدپرێسى ئەمریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکى عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە دواى روخانى رژێمەکەى ئەسەد ترسی سەرهەڵدانەوەى داعش هاتووەتەوە پێشەوە و بەرپرسانى عێراقیش بۆچوونیان گۆڕاوە سەبارەت بە پاشەکشەى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق کە بە گوێرەى نەخشەیەک دەبوو لە مانگی ئەیلوولى ئەمساڵدا بکشێنەوە، ئاژانسەکە بڵاویکردوووەتەوە بەڕوخانى ئەسەد هەژموونى ئێران لەناوچەکەدا کەمیکردووە و خەریکە دەست لەو گروپانەش بەردەدات کە لە عێراقدا پێشتر پشتیوانى کردوون، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى عێراق بە بێ ناوهێنان پێى گوتوون چوارچێوەى هەماهەنگی پێیان باشە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە، یەکێکى دیکە لە بەرپرسە باڵاکانى تریش رایگەیاندووە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە ئەمریکا لەم قۆناغەدا بکشێتەوە چونکە بۆشایی گەورە دروستدەبێت و داعش دەیقۆزێتەوە و بەهێزدەبێتەوە، بۆیە دوور نییە پێش لە هاتنى مانگی ئەیلوول داوایان لێبکرێت بۆ ماوەیەکى دیکە لە عێراق بمێننەوە.

دەستور
عێراق و میسر دوازدە خاڵی لێتێگەیشتنى هاوبەشیان واژۆکرد
نوسینگەى راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە لەگەڵ میسر 12 خاڵی هاوبەشی لێکتێگەشتنیان واژۆکردووە، کە بریتین لەبوارەکانى گواستنەوەى وشکانى، پێکەوەکارکردن بۆ نەهێشتنى قۆرغکاریی، پەرەپێدانى ناوخۆیی، پەیوەندیی نێوان ئەمانەى بەغداد و قاهیرە، لەبوارى شوێنەوار و مۆزەخانەکان و دروستکردنى لیژنەیەکی هاوبەش، کۆنترۆڵی جۆریی، رێکخستنەوەى چاودێریی بازاڕەکانى دراو و نەختینە، کارى هاوبەشى رۆشنبیریی بۆ ماوەى دووساڵ، پەیوەندیی نێوان -دارالکتب- ى هەردوو وڵات، لەبوارى تەکنۆلۆژیا و پەیوەندیی و گۆڕینەوەى زانیاریی، نۆژەنکردنەوەى سایلۆکان و سودوەرگرتن لە ئەزموونى یەکتریی لەگەڵ هاوکاریکردنى ژووری بارزگانى هەردوولا.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
ئێران پەردەی لەسەر شارێکی نوێی مووشەکی لادا
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران پەردەی لەسەر شارێکی نوێی مووشەکی لادا، کە سەکۆی هەڵدانی مووشەکی کروز لەخۆدەگرێت.
ئەم مووشەکانە بە سیستەمی نوێ دروستکراون، توانای شەڕی ئەلیکترۆنییان هەیە، دوو هەفتە پێش ئێستاش هێزی دەریایی بنکەیەکی ستراتیژی لە قووڵایی ژێر زەویدا ئاشکرا کردبوو.
باختەر
کرماشان 87 یەکەی پیشەسازی هەیە ژینگە پیس دەکەن
بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەپارێزی کرماشان رایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەم پارێزگایە 58 رۆژ هەوای پاک و 242 رۆژ هەوای قبوڵکراو و 18 رۆژ هەوای پیس و ناتەندروستی هەبووە.
سەعیدی دزفولی دەڵێت: رۆژانە 750 بۆ 800 تۆن پاشماوە لە پارێزگای کرماشان بەرهەمدێت، نزیکەی 10 تۆنیان پاشماوەی نەخۆشخانەکانن.
هەروەها 87 یەکەی پیشەسازیی پیسکەری هەوا و خۆڵ و ئاو لە پارێزگاکەدا دەستنیشانکراون کە پێویستە چارەسەر بکرێن.

جەوان
55 شوێنەواری مێژوویی لە تورکیاوە گەڕێنرانەوە ئێران
تورکیا 55 شوێنەواری مێژوویی بە رەچەڵەک ئێرانیی گەڕاندەوە، کە بە شێوەی نایاسایی و بە قاچاخ لە تورکیا فرۆشرابوون.
دوای ناسینەوە و دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە ئەرزرۆم، ئەم کەلوپەلانە لەلایەن شارەزایانی ئێرانییەوە وەک شوێنەواری ئێران ناسێنران.
ئەم کەلوپەلە مێژووییانە شمشێرێکی سەردەمی ساسانییەکان، پەیکەری ئاژەڵی سەردەمی ئاسن و برۆنزی، قاپی شووشە و کانزا، گۆزەیەکی مس و 42 دراوی مێژوویی لەخۆدەگرێت، کە لە پارێزگاکانی ئەرزرۆم و ئەرزەنگان دۆزراونەتەوە.
بە پشتبەستن بە رێککەوتننامەی یونسکۆ لە ساڵی 1970 و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دوو قۆڵی نێوان ئێران و تورکیا، ئەم شوێنەوارانە رادەستی کونسوڵخانەی ئێران کران و هێنرانەوە بۆ پارێزگای ورمێ.
ئاگاهـ
لەخۆگرتنی منداڵانی بێسەرپەرشت لە ئێران دوو هێندە و نیو زیادیکردووە
حەمیدڕەزا ئەلوەند، سەرۆکی فەرمانگەی چاودێریی منداڵانی بێسەرپرشت لە رێکخراوی بێهزیستی ئێران رایگەیاند: لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا لەخۆگرتنی منداڵانی بێسەرپەرشت دوو هێندە و نیو زیادیکردووە.
ئەلوەند دەڵێت، ساڵانە دوو هەزار و 500 منداڵ لە لایەن بنەماڵەکانەوە لەخۆدەگیرێن.
ژمارەی سەنتەرەکانی چاودێریی منداڵان لە ئێران گەیشتوونەتە 635 سەنتەری چاودێری، پێنج هەزار کەسیش لەو سەنتەرانە کاردەکەن.
پرۆگرامی تایبەتیان هەیە بۆ پەروەردەی منداڵان وەک پەروەردەی سەربەخۆیی دارایی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی.
رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو
هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ گەیشتووەتە 53%
ژووری بازرگانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە، رێژەى هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ لەسەرئاستی ساڵ گەیشووەتە 53.67% ، لەسەرئاستی مانگانەش 5.63% بووە.
بەگوێرەى ئەم ئامارە بە بەراورد بە ساڵی پار رێژەى هەڵاوسان دابەزیوە هاوکات نرخی بەروبووم و شتومەک گرانتر بووە لەبری ئەوەى هەرزانتر بێت.
بەرزبونەوەى نرخەکان زۆرتر بەروبوومی کشتوکاڵیین، هاوڵاتیان ناتوانن پێداویستییەکانی رۆژانەیان بەتەواوی بکڕن.
هاوکات لە مانگی کانونی یەکەمدا نرخی پاقلەمەنییەکان زیاد بووە بە تایبەتی فاسۆلیای وشک، 15% نرخی زیادیکردووە، لەپاش ئەویش نیسک 12% زیادبووە.
قەرار
جەهەپە دەسەڵات وەربگرێت گرتوخانەى سلیڤری دادەخات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەى لە 2025 دا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. چییان کردبێت لەمساڵدا سندوقی دەنگدان دەخەنە بەردەم گەل.
کە هاتینە سەر دەسەڵات گرتوخانەى سلیڤری دادەخەین.
گرتوخانەى سلیڤری یەک لە گرتوخانە دیارەکانی تورکیایە، دەکەوێتە ئەوپەڕی ئیستانبوڵ، شوێنی بەندکردنی رۆژنامەنووسان و سیاسیی و جەنەڕاڵ و سەربازانی تورکیایە، کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە.
یەنیچاخ
زیاتر لە 21 هەزار دۆسیەی یاسایی پێشکەش بە دادگای ئەوروپا کراوە
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئاشکرایکردووە لە ساڵی 2024 دا لە کۆی 60 هەزار دۆسیەى یاسایی کە پێشکەشی دادگاکە کراوە تاکوو یەکلابێتەوە، تورکیا بە 21 هەزار و 600 دۆسیە زۆرترین دۆسیەى یاسایی پێشکەشکردووە، لەپاش ئەویش رووسیا و ئۆکراین دێن.
یەنی ئاسیا
دەسەڵات سزای دارایی چوار کەناڵی ئۆپۆزسیۆن دەدات
بە پاساوی رەخنەگرتن لە حکومەت لەپای کەمتەرخەمیی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەى ئوتێلەکەی بۆڵو و گیانلەدەستدانی دەیان کەس، دەزگای ریتوک سزای دارایی بەسەر کەناڵەکانی نزیک لە ئۆپۆزسیۆن سەپاندووە لەوانەش خەڵک تیڤی، سۆزجو تیڤی، تەلە بیر و ناو تیڤی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
سەرۆکوەزیران ئاسانکاری لە یاسای پەنابەران دەکات
لەمەودوا رێگە بە پێشکەشکردنی داواکاریی مافی هاونیشتمانی دەدرێت، هەروەها دیاریکردنی تەمەن بە رێگەی زانستی کاریپێناکرێت.
حکومەت لە بەرژەوەندیی پەنابەران دوو یاسای هەڵوەشاندەوە، کە تایبەتبوون بە رێگری لە بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوون و دەستنیشانکردنی تەمەنی پەنابەران بەشێوازی زانستی.
وەزارەتی ناوخۆ کارکردنی بە دوو یاسا نەهێشت، کە لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە دانرابوون بۆئەوەی کەسی پەنابەری نایاسایی هەرگیز نەتوانێت ببێت بە هاوڵاتیی بەریتانی، هەروەها ئەوەش نەما کە لەکاتی رەتکردنەوەی داوای پەنابەرییەکەیاندا دەبوو وەزارەتی ناوخۆ بەشێوازی زانستی تەمەنی پەنابەرەکان دیاریبکات.
مۆرنینگ ستار
هەموو بەگژی رقدا بچنەوە و رایبگرن
دایانا ئابۆت گلەیی لە بەریتانیا هەیە، دەڵێت رەگەزپەرستە فاشیستەکان لە شەقامەکانی لەندەن زاڵ بوونەتەوە.
دایانا ئابۆت ئەندام پەرلەمانێکی بەریتانییە، دوێنێ ئەویش چووە ریزی ئەو چالاکانەی بە نوێنەرایەتیی کەمینەکان هەڵمەتێکیان راگەیاندووە، لەپێناوی سەلامەتیی رەشپێشتەکان کەمینەکانی تری لەندەن.
راگەیاندنەکەی دایانا بۆ چوونە ریزی ئەو چالاکانە پاش ئەوە هات، لایەنگرانی تۆمی رۆبنسنی سەرکردەی فاشییەکان رایانگەیاند ئەمڕۆ لە لەندەن خۆپیشاندانیان دەبێت.
رۆبنسن چالاکێکی رەگەزپەرستە، ئێستا لە زینداندایە، ناوە راستەقینەکەی بریتییە لە ستیفن یاکسڵی لینن، دەبێت ماوەی 18 مانگ لەزینداندابێت، لەبەرئەوەی چەندجارێک لەبەرامبەر کاری دادگاکانی وڵاتدا کێشەی دروستکردووە.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئەوە ڤان کوخ بوو لە نێو کەلوپەلی گەراجەکە؟
ڤان کوخ لە ساڵی 1889 خۆی گەیاند بە پەناگەیەکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە باشووری فەرەنسا و یەک ساڵ تێیدا مایەوە، لەماوەی ئەو ساڵەدا 150 تابلۆی نایابی نەخشاند، رەنگە ناودارترینی ئەو تابلۆیانە بریتیبن لە (گوڵەسەوسەن- خونچەی ئاڵمۆند- شەوی ئەستێرەکان). بەڵام لە ئێستادا بڕیاردەرێکی هونەری دێرین لەمۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان و دەستەیەک لە پارێزەرانی هونەر و مێژووناس، پێکەوە سەرقاڵی کارکردنن لەسەر تابلۆیەک، کە دۆزراوەتەوە، پێیانوایە تابلۆی ژمارە 151ـی ڤان کوخ بێت، پێشتر کەس نەیبینوە. تابلۆکە بریتییە لە پۆرترێتی ماسیگرێک، لەویلایەتی ماینەسووتای ئەمریکا لە گەراجێکدا دۆزراوەتەوە، خاوەنەکەی نەیزانیوە ئەو تابلۆیە چییە و هیی کێیە داویەتی بە پەنجادۆلار.

عەرەب نیوز
لە شەڕی ناوخۆیی سودان 54 کەس کوژران
گرووپێکی چەکدار لە شاری ئوم دەرمانی سودان هێرشیان کردووەتە سەر بازاڕێک، تەقەیان لە خەڵک کردووە، 54 کەسیان کوشتووە، 158 کەسیشیان بریندارکردووە.
گرووپەکەی حەمدان دەقلو پەلاماری بازاڕی سابرینیان داوە. بە هەڕەمەکی تەقەیان لە خەڵک کردووە، ئەم هێرشە دووایین رووداوی زنجیرەیەک پەلاماری خوێناویی ئەو شەڕە ناوخۆییەیە، کە ئەو وڵاتەی باکووری کیشوەری ئەفریقای گرتووەتەوە.